ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ سەرکردەیەکی تۆڕێکی سیخوڕی سەر بە مۆساد جێبەجێ کرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بۆ هاووڵاتییەک جێبەجێ کرد کە تۆمەتبار بوو بە سەرکردایەتیکردنی چالاکییە دژە-ئەمنییەکانی تۆڕێکی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد).
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، کەسی لەسێدارەدراو ناوی (ئەمیر عەلی میرجەعفەری) کوڕی محەمەد ڕەزایە. ناوبراو وەک ئەندامێکی چەکداری هاوکار لەگەڵ دوژمن ناسێنراوە و تۆمەتبار کراوە بەوەی جگە لە بەڕێوەبردنی چالاکییە سیخوڕییەکان، هەستاوە بە سووتاندنی "مزگەوتی گشتنی قلهک".
ئێران لەم دواییانەدا شەپۆلێکی فراوانی سزاکانی لەسێدارەدانی دژی ئەو کەسانە دەستپێکردووە، تۆمەتبارن بە هاوکاریی لەگەڵ مۆساد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ئەمنیی فراوانە بۆ ئەوەی تۆڕە سیخوڕییەکان لەناوببرێن.
تەنیا لە ماوەی مانگی نیسانی 2026، چەندین سزای هاوشێوە جێبەجێ کراون، لەوانە؛ 19 نیسان، لەسێدارەدانی هەریەک لە (محەمەد مەعسوم شاهی، 38 ساڵ) و (حامید وەلیدی، 45 ساڵ) بە تۆمەتی ئەندامێتی لە مۆساد و وەرگرتنی مەشق و راهێنان لە دەرەوەی وڵات، هەروەها تۆمەتبار بوون بە سووتاندنی بنکە سەربازییەکان و ناردنی ڤیدیۆ بۆ مۆساد لە بەرامبەر وەرگرتنی دراوی ئەلیکترۆنی (Crypto). هەروەها 5ـی نیسان، لەسێدارەدانی (محەمەد ئەمین بێگلاری) و (شاهین واحیدیپەراست) بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هەڵکوتانە سەر دامەزراوەیەکی سەربازی و دەستبەسەرداگرتنی کۆگای چەک لە کاتی ئاڵۆزییەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2026. لەگەڵ 2ـی نیسان، لەسێدارەدانی گەنجێکی 18 ساڵان بە ناوی (ئەمیر حوسێن حاتەمی) بە تۆمەتی هاندان بۆ توندوتیژی و هاوکاریی لەگەڵ لایەنەکانی شا.
لای خۆیەوە، داواکاری گشتیی شۆڕش لە تاران رایگەیاندووە؛ ئەم رێکارانە پێویستییەکی ئەمنین بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵات و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان.