قەیرانی وزە تۆکیۆ ناچار دەکات پەنا بۆ وزەی ئەتۆمی ببات

ژاپۆن کە یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەڵام بەهۆی ئەزموونی ساڵانی 1970 و هەبوونی یەدەگێکی ستراتیژیی گەورە، تاوەکو ئێستا توانیویەتی رێگری لە شۆکی ئابووری بگرێت.

ژاپۆن نزیکەی 94%ی هاوردەی نەوتی وڵاتەکەی لەرێگەی گەرووی هورمزەوە دابین دەکات، ئەمەش وایکردووە جەنگی ئێران مەترسییەکی راستەوخۆ بێت بۆ سەر ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتە. لەگەڵ ئەوەشدا، حکوومەتی تۆکیۆ رایگەیاندووە کە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوتە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی داهاتوو بەشی پێداویستییەکانی بکات، هاوکات هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە چڕتر کردووەتەوە.

سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، زنجیرەیەک رێکاری خێرای گرتووەتە بەر، لەوانە دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ گاز بە مەبەستی جێگیرکردنی نرخەکان لە ئاستی پێش جەنگدا. هەروەها بڕیاری پێشووی وڵاتەکە بۆ نەکشانەوە لە بەکارهێنانی خەڵوز و دانەخستنی پاڵاوگە کۆنەکان، ئێستا وەک خاڵێکی بەهێز بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەی ژاپۆن دەردەکەوێت.

سەرەڕای ئەم ئامادەکارییانە، نیشانەکانی قەیرانەکە لە هەندێک سێکتەری پیشەسازیدا دەرکەوتوون. کۆمپانیای (Toto) کە گەورەترین بەرهەمهێنەری کەلوپەلی گەرماوە، بەهۆی کەمیی ماددەی "نەفتا" وەرگرتنی داواکارییەکانی راگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی بەهای پشکەکانی لە بازاڕدا. هەروەها هۆشداری دەدرێت لە کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان، بەتایبەت دەستکێشی نەشتەرگەری.

لە رووی سیاسییەوە، ئەم قەیرانە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ژاپۆن تاوەکو کار بۆ فراوانکردنی وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی بکات. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ فشاری لەسەر تۆکیۆ دروست کردووە بۆ پاڵپشتی زیاتری واشنتن لە گەمارۆدانی ئێراندا، ژاپۆن هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە گەرووی هورمز رابگرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر پەککەوتنێکی زیاتری ئابووری وڵاتەکەی بگرێت.