ماکرۆن: پێویستە حزبوڵا چەک بکرێت و ئیسرائیل لە لوبنان بکشێتەوە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ نەواف سەلام، جەختی لەسەر پێویستیی جێگیرکردنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کردەوە و ڕایگەیاند، سەقامگیریی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا تەنیا لە ڕێگەی پلانێکی گشتگیرەوە بەدی دێت.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ گەیشتن بە ئارامییەکی بەردەوام لە لوبنان، دەبێت هێزەکانی ئیسرائیل لە تەواوی خاک و ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان پاشەکشە بکەن؛ هەروهەا داوای کرد دەبێت خودی لوبنانییەکان، بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چەکی حزبوڵڵا داماڵن.
ماکرۆن گوتیشی: پێویستە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان، بەتایبەت ناوچەکانی باشوور، دەست پێ بکات تاوەکو رێگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان خۆش بێت.
ماکرۆن بە توندی رەخنەی لە حزبوڵڵای لوبنان گرت و گوتی، "حزبوڵڵا هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەی ئەنجامدا کاتێک لوبنانی پەلکێشی شەڕێکی وێرانکەر کرد." داوای کرد کە حزبوڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت و چیتر هەوڵ نەدات خۆی بخاتە شوێنی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی لوبنان.
سەرۆکی فەرەنسا داوای لە ئیسرائیل کرد کە دەستبەرداری ئارەزووەکانی بێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی لوبنان و باسی لەوەش کرد، پێویستە ئیسرائیل بزانێت کە گەرەنتیی ئاسایشەکەی تەنها لە ڕێگەی هەبوونی دەوڵەتێکی لوبنانیی بەهێزەوە دەبێت، نەک لە ڕێگەی سیاسەتی دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا.
لەلای خۆیەوە، نەواف سەلام رایگەیاند، حکوومەتی لوبنان نایەوێت بچێتە ناو هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ حزبوڵڵا، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگە نادەین حزبوڵڵا بمانخاتە بارودۆخی شەرمەزارییەوە یان هەوڵی ترساندنمان بدات."
سەرۆک وەزیرانی لوبنان جەختی لەسەر چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت کردەوە و گوتی: ناکرێت دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری هەبێت، لە کاتێکدا چەک لە دەستی سوپا و هاوکات لە دەستی گرووپە چەکدارە دەربازبووەکان لە یاسادا بێت.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، نەواف سەلام ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل "سەخت و تاقەتپڕوکێن" دەبن و پێویستیان بە پشتیوانییەکی کاریگەری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان هەیە. دووپاتی کردەوە بەیرووت لەسەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی بەردەوام دەبێت و ئامادەیە بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەلئەبیب بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.