سەرۆک بارزانی: گۆڤاری گوڵان مینبەرێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان

ئەمڕۆ 22ـی نیسانی 2026،  سەرۆک بارزانی، لە 32مین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵاندا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی گۆڤارەکە کرد و رایگەیاند؛ گوڵان لەسەر بنەمای پابەندبوون بە پڕانسیپە نەتەوەییەکان و رێزگرتن لە پێکهاتە جیاوازەکان، رۆڵێکی گرنگی لە قووڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیاندا هەبووە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
 
بەڕێزان سەرنووسەر و كارمەندانی ستافی گۆڤاری گوڵان،
بەبۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندانی گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانتان دەكەم.

گۆڤاری گوڵان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ڕێچكەیەكی جیاوازی لەناو ڕۆژنامەگەریی كوردیدا پیادەكردووە و، بەردەوام مینبەرێكی گرنگ بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازی دەستەبژێرانی ناوخۆی كوردستان و عێراق و دەرەوە، هەمووكات هەوڵیداوە لەسەر بنەمای پاپەندبوون بە پڕانسیپە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و ڕێزگرتن لەكۆی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان قووڵتر بكاتەوە.

سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم، هیوادارم هەردەم پابەندی پڕەنسیپەكانی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی بن و، لە ئاست داخوازیی خەڵك و گۆڕانكارییەكانی سەردەم بن و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.