وەزیری پەروەردەی تورکیا: خواست لەسەر وانەی کوردی لە زیادبوونە
وەزیری پەروەردەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، خواستی قوتابیان بۆ خوێندنی وانەی کوردی زیادی کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا، لە وەڵامی رەخنەی پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، ژمارەی ئەو قوتابیانەی وانەی بژاردەی کوردی (کرمانجی و زازاکی) هەڵدەبژێرن ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە حکومەت پلانی نییە "خوێندن بە زمانی دایک" بکاتە بنەما، گوتیشی هەڵسەنگاندنەکان بۆ "کەمکوڕی وانە بژاردەکان" فەرمی نین.
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزیری پەروەردەی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە، خواستی قوتابیان بۆ زمانی کوردی بەم شێوەیە گەشەی کردووە، لە ساڵی خوێندنی 2023-2024دا 21 هەزار و 559 قوتابی وانەی بژاردەی زاراوەی کرمانجییان هەڵبژاردووە.
گوتیشی، ئەم ژمارەیە لە ساڵی خوێندنی 2024-2025دا، 30 هەزار و 862 قوتابی بووە. هەروەها لە وانەی بژاردەی زاراوەی زازاکیدا، لە ساڵی خوێندنی 2023-2024دا، سێ هەزار و 244 قوتابی هەڵیان بژاردووە، ئەم ژمارەی لە ساڵی خوێندنی 2024-2025 بەرزبووەتەوە بۆچوار هەزار و 554 قوتابی.
هەروەها وەزیری پەروەردەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، کە کەرەستەکانی خوێندن بۆ زاراوەکانی کرمانجی و زازاکی لە پۆلی 5 تا 8 ئامادەکراون و بە خۆڕایی بەسەر قوتابیاندا دابەش دەکرێن، کتێبەکانیش بە شێوازێک داڕێژراون کە ڕێز لە فرەچەشنی کولتوری بگرن و هەموو جۆرە جیاکارییەک ڕەت بکەنەوە.
وەزارەتی پەروەردە روونشیکردنەوەی داوە کە بۆ کردنەوەی هەر پۆلێکی پێدانی وانەی بژاردەی زمانی کوردی یان هەر زمانێکی دیکە، دەبێت لانی کەم 10 قوتابی هەمان وانە هەڵبژێرن. لە حاڵەتێکدا ئەگەر لەو قوتابخانەیە مامۆستای پسپۆر نەبێت، وەزارەت لە قوتابخانەکانی دیکەوە مامۆستا دابین دەکات، یان پەنا بۆ دامەزراندنی "مامۆستای وانەبێژ" دەبات بۆ ئەوەی وانەکە نەفەوتێت