ئێران ترەمپ بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست تۆمەتبار دەکات

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی "زانیاریی ناڕاست" تۆمەتبار دەکات، سەبارەت بەو ئافرەتە ئێرانییانەی کە ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردبوو مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەر بووە و لەسەر داوای ئەو لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە.

ماڵپەڕی "میزان" کە زمانحاڵی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، بڵاویکردەوە، "ترەمپ لە واقیعدا هیچ دەستکەوتێکی بەدەست نەهێناوە، بۆیە پەنای بردووە بۆ دروستکردنی سەرکەوتنی خەیاڵی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستەوە."

ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە دێت، کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر داوای ئەو بڕیاری لەسێدارەدانی هەشت ئافرەت هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە تاران بە فەرمی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە گوایە هەشت ئافرەت لە ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەر بێت و ترەمپ داوای ئازادکردنیانی کردبێت.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو، چوار لەو ئافرەتانە دەستبەجێ ئازاد دەکرێن و چوارەکەی دیکەش تەنیا سزای یەک مانگ زیندانییان بەسەردا دەسەپێنرێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "هەواڵێکی زۆر باشە... زۆر سوپاسی ئێران و سەرکردەکانی دەکەم کە وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێزیان لە داواکەی من گرت و ئەو لەسێدارەدانەی پلانیان بۆ دانابوو، هەڵیانوەشاندەوە."

ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە ئێران رەتی کردبووەوە کە ئەو هەشت ئافرەتە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەر بێت، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ داوای ئازادکردنیانی کردبوو.