ترەمپ بەرپرسانی باڵای ئێرانی توڕە کرد
سەرۆکی ئەمریکا بە چەند قسەیەک بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی توڕە کرد و باسی لە دۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و ناکۆکی نێوان باڵەکان کردووە، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران دەڵێن: "لە ئێران توندڕەو و میانەڕەو نییە، هەموویان لە ژێر فەرمانی رێبەری باڵادا یەکگرتوون".
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامی و محەممەباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی هاوبەش وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان داوەتەوە و نووسیویانە "لە ئێرانی ئێمەدا توندڕە و میانەڕەو نییە".
پزیشکیان و قالیباف دەڵێن: "ئێمەمانان بە یەکگرتوویی بەهێزی گەل و حکوومەت، ئێرانی و شۆڕشگێڕ (ئینقلاب)ـین، بە پشتیوانی تەواو لە رێبەری باڵای شۆڕش، دەستدرێژیکاری تاوانبار پەشیمان دەکەینەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویانە، "یەک خودا، یەک گەل، یەک رێبەر و یەک رێگەمان هەیە، ئەویش رێگەی سەرکەوتنی ئێرانی ئازیزە".
هەروەها غولام موحسین حوسێن ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران هەر لە ئێکس نووسیویەتی: " سەرۆکی بێ بەهای ئەمریکا دەبێت بزانێت توندڕەو و میانەڕە، دوو چەمکی هەڵبەستراو و بێ بنەمایە کە لە ئەدەبیاتی سیاسی رۆژئاوادا باو بووە".
ئێژەیی لە تویتەکەیە دەڵێت: " لە کۆتاییدا هەموو چین و توێژەکان لە ئێرانی ئیسلامیدا، بە فەرمانی رێبەری باڵای شۆڕش یەکگرتوون".
هەر لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ، مەجید موسەوی فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەڕی سوپای پاسداران، لە ئێکس پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی ئیران کردووە و نووسیویەتی: "گەلی خۆڕاگری ئێران، دوژمن لە گۆڕەپانی جەنگ شکستی خوارد و زلـلەیەکی خوارد و بە ئامانجەکانی نەگەیشت، بۆیە هۆشیار بن، لە شەقامەکاندا بەدوای ئاژاوەنانەوەیە".
وەڵامدانەوەکانی بەرپرسانی باڵای ئێران لە دوای ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە بۆ کەناڵی ئێم ئێس ناوی ئەمریکی کردوویەتی و گوتی: "ئێران چیتر ناتوانێت هەڕەشە لە کەس بکات، لە ناوخۆدا لە کێشە و پشێوییەکی گەورەدایە و کەس هاوکاریی ناکات، هەر بۆیە چیدیکە ئێران ناتوانێت ببێتە شەڕفرۆش و گێچەڵکار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ترەمپ ئاماژەی داوە، "سێ دەستەیان لە سەرکردەکانی ئێران لەناو بردووە، بۆیە نازانرێت، ئێستا کێ لەو وڵاتە سەرکردەیانە".