رۆیتەرز: پێنتاگۆن تاوتوێی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئیسپانیا لە ناتۆ دەکات

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) خەریکی تاوتوێکردنی چەند بژاردەیەکە بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی ئەندام لە ناتۆ کە لە جەنگی ئێراندا پشتیوانیی واشنتنیان نەکردووە. بژاردەکان بریتین لە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئیسپانیا لە هاوپەیمانێتییەکە و پێداچوونەوە بە پشتگیریی دیپلۆماسیی ئەمریکا بۆ بەریتانیا لە کێشەی دوورگەکانی فۆکلاند.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، نامەیەکی ناوخۆیی پێنتاگۆن لیستی ئەو وڵاتانەی ئامادە کردووە کە رەزامەند نەبوون بنکە سەربازییەکانیان یان کایەی ئاسمانییان بدەنە ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. پێنتاگۆن ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی ئەوروپای بە نائومێدانە وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە کە بەکارهێنانی ئاسمان و بنکەکان کەمترین مەرجی هاوپەیمانێتی ناتۆیە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین تووڕەیی ئیدارەی ترەمپی لێکەوتووەتەوە، چونکە حکوومەتەکەی مەدرید رێگەی نەداوە بنکەکانی رۆتا و مۆرۆن بۆ جەنگی ئێران بەکاربهێنرێن. بژاردەی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئیسپانیا لە ناتۆ وەک پەیامێکی سیمبولیی توند بۆ سەرجەم ئەوروپییەکان تاوتوێ دەکرێت تا هەستی پشتبەستنی رەهایان بە ئەمریکا کەم بێتەوە.

پێنتاگۆن پێشنیازی کردووە واشنتن پێداچوونەوە بە پشتگیرییەکانی بۆ بەریتانیا لە کێشەی دوورگەکانی فۆکلاند بکات کە ئەرجەنتین داوای دەکات، ئەمەش وەک سزایەک بۆ ساردووسڕیی لەندەن لە سەرەتای جەنگەکەدا. جێگەی ئاماژەیە خاڤیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ترەمپ.

کێنگسلی ویڵسۆن، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە وەڵامی رۆیتەرزدا گوتی: "وەک چۆن ترەمپ دەڵێت، سەرەڕای هەموو ئەو کارانەی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانەکانی کردووە، ئەوان لە کاتی پێویستدا لە تەنیشتمان نەوەستان." ویڵسۆن جەختی کردەوە، پێنتاگۆن هەموو بژاردەکان دەخاتە بەردەم سەرۆک تا دڵنیا بن هاوپەیمانەکانیان "تەنیا نمری سەر کاغەز نین" و رۆڵی خۆیان دەگێڕن.

ئەم پەرەسەندنانە نیگەرانیی قووڵی لای دیپلۆماتکارانی ئەوروپی دروست کردووە و مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی ناتۆ لە ئارادایە. لە بەرانبەردا، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند کە ئەوان "بەنیاز نین لەسەر بنەمای ئیمەیل بڕیار بدەن" و چاوەڕێی هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی ئەمریکا دەکەن.

پیت هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش پێشتر هۆشداریی دابوو کە ئەگەر وڵاتان ئامادە نەبن لە تەنیشت ئەمریکا بوەستن، ئەوا بنەمای هاوپەیمانێتییەکە دەچێتە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەت کە مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران دەگەنە ئەوروپا بەڵام ناگەنە ئەمریکا.

چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" لە زاری سێ دیپلۆماتی ئەوروپی و بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکاوە بڵاوی کردبووەوە، کۆشکی سپی لیستێکی وردی ئامادە کردووە کە تێیدا ئاستی پابەندیی وڵاتانی ناتۆ دیاری کراوە. ئەم لیستە وەک کارتێکی گوشار بەکاردێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ پێشتر هەڕەشەی کشانەوەی لە ناتۆ کردبوو.

ئیدارەی ترەمپ پشت بە دوو خاڵی سەرەکی دەبەستێت بۆ پۆلێنکردنی وڵاتەکان، ئەوانیش ئایا وڵاتەکە هاوکار بووە لە پاراستنی گەرووی هورمز یان رێگەی داوە بنکە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێن؟، پۆلێنی دووەم، ئایا وڵاتەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ترەمپ دیاری کردووە (5%ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی)؟