ئەمریکا 344 ملیۆن دۆلاری ئێران لە دراوی ئەلیکترۆنیدا بلۆک دەکات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی توانیویەتی دەست بەسەر چەندین دراوی دیجیتاڵیی پەیوەست بە ئێراندا بگرێت، کە بووەتە هۆی بلۆککردنی بڕی 344 ملیۆن دۆلار لە دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ)، وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی تاران.

هەینی، 24ـی نیسانی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە وڵاتەکەی هەڵمەتێکی توندی ئابووری لە دژی ئێران دەست پێکردووە و دەستی بەسەر سەدان ملیۆن دۆلار لە سەرمایەی ئەلیکترۆنی ئەو وڵاتەدا گرتووە.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'رقی ئابووری'ـدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پەکخستنی سیستماتیکی تواناکانی تاران بۆ بەرهەمهێنان، گواستنەوە و گەڕاندنەوەی پارە."

سکۆت بێسێنت ئاماژەی بەوەش کردووە، "نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانییی سەر بە وەزارەتی گەنجینە، سزای بەسەر چەندین دراوی ئەلیکترۆنی پەیوەست بە ئێراندا سەپاندووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی بلۆککردنی بڕی 344 ملیۆن دۆلار لە دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ)".

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی دا و گوتی: "ئێمە چاودێریی ئەو پارەیە دەکەین کە تاران بە نائومێدییەوە هەوڵ دەدات بۆ دەرەوەی وڵات بیگوازێتەوە، هەروەها سەرجەم ئەو سەرچاوە داراییانە دەکەینە ئامانج کە پەیوەستن بە ئێرانەوە."