حزبوڵڵا بۆ کوردستان24: دانوستانەکانی لوبنان و ئیسرائیل سەرکەتوو نابن

مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنانی
مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنانی

بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵا هۆشداریی توند لەبارەی پیلانێکی دەرەکی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی لە لوبنان دەدات و بە توندی هەر جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە. 

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنانی، لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستانی نێوان هەردوو حکوومەتی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە واشنتن؛ وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ماڵپەری کوردستان24ـی دایەوە. 

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنانی بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، بە هەموو شێوەیەک دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکەنەوە. روونیشی کردەوە، ئەم هەنگاوە وەک داننانە بە دوژمن و پێچەوانەی یاسای بایکۆتکردنی ئەو وڵاتەیە لەلایەن پەرلەمانەوە.

قەماتی ئاماژەی بەوە دا، نەبیهـ بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بە هەمان شێوە دژی گفتوگۆی راستەوخۆیە و تەنیا پشتگیری لە پرۆسەی ناڕاستەوخۆ دەکات. ئەوەشی خستە روو، دانوستانەکانی ئێستا سەرکەوتوو نابن لەبەر ئەوەی حکوومەتی لوبنان بەبێ بوونی هیچ خاڵێکی بەهێز چووەتە ناو پرۆسەکەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی باسی لەوەش کرد، فشارە دیپلۆماسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا لە ماوەی 15 مانگی رابردوودا بە تەواوی شکستیان هێناوە و ناکرێت هەمان ئەزموون دووبارە بکرێتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە، چیتر بێدەنگ نابن و وەڵامی هەر سەرپێچییەکی ئیسرائیل دەدەنەوە لە هەر شوێنێکەوە بێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا قەماتی رایگەیاند، هەوڵەکانی حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت تاوەکوو رزگارکردنی یەکجاریی خاکی لوبنان و ئەزموونی ساڵی 1982 سەلماندی داگیرکاری تەنیا بە هێز تێکدەشکێت نەک مێزی گفتوگۆ. سەبارەت بە پرسی چەکیش ئاماژەی بەوە دا، رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نادەن و ئەم بابەتە تەنیا لە نێوان هێزەکانی ناوخۆ و سوپای لوبنان چارەسەر دەکرێت بەبێ دەستوەردانی وڵاتانی تر.

لە کۆتاییدا هۆشداریی دا لە بوونی پیلانێکی مەترسیدار بۆ دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی لە لوبنان و رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاوبەشە لە کوشتنی هاووڵاتییان و بە دوژمن هەژمار دەکرێت.

 

درێژکردنەوەی ئاگربەست لە لایەن ترەمپەوە

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی، 24ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) ئاشکرای کرد، لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، مایک هەکەبی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و میشێل عیسا باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان ئامادە بوون.

ترەمپ رایگەیاند، کۆبوونەوەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئەمریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی حکوومەتی لوبنان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی لە بەرانبەر حزبوڵڵادا. وەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش، بڕیار درا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە درێژ بکرێتەوە.

هەرچەندە نزیکەی دوو هەفتەیە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان راگەیەنراوە؛ بەڵام رۆژانە ئاگربەستەکە پێشێل دەکرێت؛ ئیسرائیل پێگەکانی حزبوڵڵا بۆردوومان دەکات، ئەویش لە وەڵامدا، بە مووشەک و درۆن هێرشی ئەو وڵاتە دەکات. 

 

بەشداریی حزبوڵڵا لە جەنگی ئێران

دوای ئەوەی لە 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئێران و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیان کوشت، حزبوڵڵای لوبنانی لە 2ی ئاداری 2026 بە فەرمی چووە ناو جەنگەکەوە. 

 حزبوڵڵا وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی خامنەیی و بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران، دەستی بە هێرشی چڕ کرد و سەدان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل (بەتایبەت پێگە سەربازییەکانی نزیک حەیفا) کرد.

 تەنها لە مانگی ئاداری 2026دا، حزبوڵڵا و ئێران پێکەوە زیاتر لە 850 هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردە سەر ئیسرائیل. لە هەمان کاتدا حووسییەکانی یەمەنیش رایانگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بە هەماهەنگیی راستەوخۆ بووە لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا.