ئاری ئەحمەد: پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندی ئاوی هەولێر 100% تەواو بوو

وێنە؛ ئەرشیف
وێنە؛ ئەرشیف

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند؛ پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندی ئاوی هەولێر هەنگاوی گەورەی بڕیوە و وێستگەی پڕۆژەکە بە ڕێژەی %100 تەواو بووە و وەرگرتنی سەرەتاییشی بۆ کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا کارەکان لە بەشێکی دیکەی پڕۆژەکەدا بەردەوامن، بریتییە لە بەستنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرا بە تۆڕەکانی ناو شاری هەولێرەوە. گوتیشی: "ئەم بەشەی پڕۆژەکە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و تا ئێستا %85ـی کارەکانی تەواو بووە و کارەکان بە باشی بەڕێوە دەچن."

ئاری ئەحمەد روونیکردەوە، پڕۆژەکە تەنیا لە دروستکردنی وێستگەی فریاگوزاری پێک نایەت، بەڵکو کارێکی ستراتیژییە لەسەر ژێرخان و بەستنەوەی هەر سێ وێستگەی فریاگوزاری بە تۆڕەکانی ناو شارەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگی پڕۆژەکە کردەوە و رایگەیاند: "بە تەواوبوونی ئەم کارانە و بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکان بە تۆڕەکانی ناو شار، تەواوی دانیشتووانی شاری هەولێر بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر باشترکردنی دۆخی دابەشکردنی ئاو لە شارەکەدا دەبێت."

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای دەست بەکاربوونییەوە، بایەخکی تایبەتیداوە بە چارە کردنی گرفتی کەم ئاوای شارو شارۆچکەکانی کوردستان.

ساڵی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ هەولێری دانا، کە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت.