باڵیۆزی ئێران: هەوڵەکانی پاکستان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ جێگەی پێزانینن
باڵیۆزی ئێران لە پاکستان، لە پەیامێکدا جەختی لە رۆڵی گرنگی هەوڵەکانی ئیسلام ئابادبۆ هێنانەکایەی ئاشتی و راگرتنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە.
یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسلام ئاباد، لەگەڵ کۆتاییهاتنی سەردانی شاندی باڵای وڵاتەکەی بۆ پاکستان، پەیامێکی سوپاسگوزاریی بڵاوکردەوە و تێیدا هەوڵەکانی پاکستانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند.
باڵیۆزی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "لە کۆتایی ئەم گەڕەی سەردانی شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە بۆ پاکستان، کە وەک سەرەتایەک بۆ گەشتە دیپلۆماسییە ناوچەییەکەی و بە ئامانجی پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و راوێژکردن لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە ئەنجامدرا، دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم لە دڵەوە دەرببڕم".
ئەمیری موقەدەم لە پەیامەکەیدا، بە ئاماژەدان بە رۆڵی سەرکردەکانی پاکستان دەڵێت: "سوپاسی حکوومەت، سوپا و گەلی پاکستان دەکەم، بە تایبەتی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپا، بۆ ئەو هەوڵە بێوچانانە و دەستپێشخەرییە نێوەندگیرییانەی لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگ و هێنانەکایەی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا دەیخەنە گەڕ."
سەبارەت بە رێکارە ئەمنییەکان و سەرکەوتنی سەردانەکە، باڵیۆزەکەی تاران ئاشکرای کرد: "هاوشێوەی گەڕی پێشوو، ئەم گەڕەی سەردانەکەش لە کەشێکی تەواو ئارام، سەلامەت و بێدەنگدا بۆ شاندەکە بەڕێوەچوو، کە ئەمەش بەهۆی بەڕێوەبردنی لێهاتوو و بێوێنە، پلاندانانی ژیرانە و جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی وڵاتی دۆست و دراوسێ، پاکستانەوە هاتە دی."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، رەزا ئەمیری موقەدەم سوپاسی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کرد و نووسیویەتی: "لێرەوە سوپاسی دڵسۆزانەی خۆم ئاراستەی ستافی سوپا، هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس و فەرمانبەرانی سەرجەم دامەزراوە جێبەجێکارەکان دەکەم."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، باڵیۆزی ئێران پێزانینی تایبەتی بۆ هاووڵاتییان دەربڕی و رایگەیاند: "بەتایبەتی سوپاسی گەلی بەڕێزی پاکستان و دانیشتووانی ئیسلام ئاباد دەکەم بۆ ئارامگری، میوانداری و گیانی هاوکارییان لە ماوەی ئەم سەردانەدا. بژی دۆستایەتیی ئێران و پاکستان."
ئەمەش لە کاتێکدایە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بۆ جاری دووەم گەیشتە ئیسلام ئاباد، ئەم سەردانەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ترەمپ گەشتی هەردوو نێردراوەکەی (ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر)ی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن بەهۆی ئەوەوە بوو کە هیچ پێشکەوتنێک بەدەست نەهاتووە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی پاش هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە 28ـی شوباتدا هەڵگیرسا.