هاوپەیمانییەکەی سوودانی هێرشی توند دەکاتە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی

وێنە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە
وێنە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە

سەرکردەیەکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هێرشی کردە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و رایگەیاند، کاندیدەکەیان نادیارە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، قوسەی مەحبووبە، سەرۆکی پارتی لیبڕاڵی "ئامارجی" و سەرکردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و رۆڵی هاوپەیمانییەکەیانی لە پاراستنی سەقامگیری وڵاتدا بە ئەرێنی ناوبرد.

مەحبووبە لە راگەیەندراوەکەدا گوتی: هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان وەک هێزێکی براوەی هەڵبژاردن، تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی بڕیاری داوە ببێتە بەشێک لە "چوارچێوەی هەماهەنگی". 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر رۆڵی کارای ئەوان نەبوایە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان شکستی دەهێنا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەحبووبە رەخنەی توندی ئاراستەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کرد و گوتی: "ئێمە پابەندی بەڵێنەکانمان بووین، بەڵام ئێوە پەیمانتان شکاند؛ ئێمە نەرمی سیاسیمان نواند، بەڵام ئێوە لەناو گومان و سەرلێشێواویدا دەخولانەوە."

سەبارەت بە پشتیوانیکردنی محەمەد شیاع سوودانی، مەحبووبە جەختی کردەوە، سوودانی "پیاوی دەوڵەتە و پڕۆژەکەی ئەوان بۆ ئاوەدانکردنەوە پڕۆژەیەکی روون و سەرکەوتووە، لە کاتێکدا لایەنەکانی دیکە خاوەن کاندیدێکی نادیار و پڕۆژەیەکی تەمومژاوین کە تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییە تەسکەکان دەکات".

ئەو سەرکردەیەی هاپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، هۆشداری دا کە مێژوو و گەل لێپرسینەوەیەکی توند لەو لایەنانە دەکەن کە هەوڵی پەکخستنی پڕۆسەی سیاسی دەدەن، راشیگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە پڕۆژەکەیان چونکە عێراق لە هەموو جۆرە مانۆڕ و بەرژەوەندییەکی کەسی گەورەترە.