بریندارێکی رووداوەکەی کەرکووک لە هەولێر چارەسەر دەکرێت
لەسەر راسپاردە و بە نوێنەرایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزیری تەندروستی سەردانی بریندارێکی رووداوە دڵتەزێنەکەی شاری کەرکووکی لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کرد و رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک بۆ چارەسەرکردنی برینداران و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان کراوە.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026، بە نوێنەرایەتی و راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، برینداری رووداوەکەی شاری کەرکووکی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بەسەرکردەوە.
وەزیری تەندروستی لە نزیکەوە پەیامی پەرۆشی، هاوخەمی و راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی گەیاندە برینداران و کەسوکاریان. جەختیشی لەسەر ئامادەیی تەواوی نەخۆشخانەکان کردەوە بۆ وەرگرتنی بریندارانی دیکەی رووداوەکەی دوێنێ ئێوارەی کەرکووک، کە بەهۆی بارهەڵگرێکەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بوونە قوربانی.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، سەرجەم تیمەکان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان، ناردنی تیمی پزیشکی فریاگوزاری، دابینکردنی خوێن، دەرمان و هەر پێداویستییەکی دیکەی پزیشکی کە پێویست بێت.
لەلایەکی دیکەوە، برینداران و کەسوکاریان ستایش و پێزانینی زۆریان بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، دەربڕی و سوپاسی ئەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەیە و پێشوازی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان کرد کە بۆیان دابینکراوە.