مارکۆ روبیۆ: ئێرانییەکان دەیانەوێت خۆیان لەو تەنگژەیەی تێیکەوتوون رزگار بکەن
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاستی سزاکان و گوشارەکان بۆ سەر ئێران "ناوازەن" و دەکرێت زیاتریشی بکەن، ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە گۆڕینی رژێم لە ناوخۆی ئێرانەوە بێت نەک لە دەرەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئاستی سزاکان و ئەو گوشارانەی خراونەتە سەر ئێران "ناوازەن" و واشنتن دەتوانێت لەوەش زیاتریان بکات.
روبیۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ تاران نەکرێت کاردانەوەی ئەمریکا چی دەبێت، گوتی: "ئەوە بڕیاری سەرۆک دۆناڵد ترەمپە، بەڵام ئاستی سزاکان زۆر بەهێزن و پێموایە دەکرێت هەنگاوی زیاتریش بنرێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "پێموایە ئێرانییەکان جددین لەوەی خۆیان لەو تەنگژەیە رزگار بکەن کە تێیکەوتوون." روونیشیکردەوە کە تەواوی ئەو کێشانەی پێش دەسپێکی ئەم ململانێیە بەرۆکی تارانیان گرتبوو، نەک هەر ماون بەڵکو خراپتر بوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران ئێستا تەنیا نیوەی ئەو مووشەکانەی پێماوە کە پێشتر هەیبوو، هەروەها هیچ کارگەیەک و هێزێکی دەریاییشی نەماوە.
سەبارەت بە رابەری باڵای نوێی ئێران، روبیۆ باسی لەوە کرد کە چەندین پرسیاری بێوەڵام لەبارەیەوە هەن، جەختیشی کردەوە کە "گۆڕینی رژێم دەبێت لە ناوخۆی ئێرانەوە بێت."
دەربارەی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "گەرووی هورمز وەک چەکێکی ئەتۆمیی ئابوورییە کە ئێران هەوڵدەدات دژی جیهان بەکاریبهێنێت." راشیگەیاند کە گەمارۆی ئەمریکا تەنیا بۆ سەر کەشتیوانیی ئێرانییە نەک هەموو کەشتیوانییەک، چونکە ناتوانرێت رێگە بدرێت تاران تەنیا سوودمەند بێت لە سیستمێکی نایاسایی و ناڕەوا بۆ سەپاندنی سەرانە و کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی "CNN" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، ناوەندگیرەکان گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران و ئەمریکا چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەند رۆژی داهاتوو "یەکلاکەرەوە" دەبن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی "CNN"، ئەگەرچی ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەڕ لە ئارادایە، بەڵام لایەنە ناوەندگیرەکان پێیان وایە تاران و واشنتن هێندەی ئەوەی دەردەکەوێت لە یەکدی دوور نین و دەکرێت بگەنە ئەنجام.