ترەمپ سوکایەتی بە توانای سەربازیی بەریتانیا دەکات
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەخت لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەکاتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، هێرشێکی کردە سەر توانای سەربازی وڵاتی بەریتانیا و بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە باسی لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەو وڵاتە کرد.
ترەمپ لە بڵاوکراوەکەیدا سەرەتا ئاماژەی بە لێدوانێکی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کرد کە تێیدا هاتووە: "هەرگیز رێگە نادەم ئەم وڵاتە پەلکێشی ناو شەڕێک بکرێت کە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نەبێت."
لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا، ترەمپ نووسیویەتی: "پێشتر بەریتانیا دەیگوت کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانمان دەنێرین، کە بەڕاستی کەشتییەکانتان باش نین. بەراورد بەوەی ئێمە لە ئەمریکا هەمانە، کەشتییەکانی بەریتانیا وەک (یاری منداڵان) وان."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پرسی بودجەی سەربازی و هاوپەیمانی ناتۆ یەکێکە لە بابەتە گەرمەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ترەمپ بەردەوام داوا دەکات وڵاتانی ئەوروپا زیاتر پشت بە توانای سەربازی خۆیان ببەستن و خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن، نەک تەنیا پشت بە چەک و تواناکانی ئەمریکا ببەستن.