هێگسێت بۆ یەکەمجار لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە لە بەردەم کۆنگرێس دەوەستێت

وێنە:ئەرشیف
وێنە:ئەرشیف

ئەمڕۆ چوارشەمە 29ی نسانی 2026 بڕیارە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەبەردەم کۆنگرێس سەبارەت بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەواهیی بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان پەککەوتوون و واشنتن بە گومانەوە دەڕوانێتە دوایین پێشنیازی تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی CNN و وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گومانی لە پێشنیازەکەی ئێران هەیە سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمزەوە. ترەمپ لە میانی میواندارییەکی فەرمیی شا چارلسی سێیەم، پاشای بەریتانیا بۆ واشنتن، رایگەیاند کە ئێران لە رووی سەربازییەوە "تێکشکاوە" و جەختی کردەوە کە "هەرگیز رێگە نادەین ئەو نەیارە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

لە بەرانبەردا، ئەمیر ئەکرەمینیا، گوتەبێژی سوپای ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند: "ئێمە پێمان وانییە جەنگ کۆتایی هاتووە و متمانەمان بە ئەمریکا نییە." ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران چەندین کارتی گوشار و ئامرازی نوێی جەنگی لایە کە هێشتا بەکاری نەهێناون.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

لای خۆیەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیازەکەی ئێران لەوە باشتر بووە کە چاوەڕوانیان دەکرد، بەڵام گومانی لەوە هەیە ئایا ئەو بەرپرسانەی پێشنیازەکەیان کردووە دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە یان نا، بەتایبەت دوای کوژرانی چەندین بەرپرسی باڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە.

هەروەها بەهۆی ئەگەری رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێران لەلایەن ترەمپەوە، نرخی نەوت جارێکی دیکە رووی لە بەرزبوونەوە کرد بە جۆرێک نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەرووی 112 دۆلار و نەوتی تێکساسیش بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو هەفتەدا ئاستی 100 دۆلاری تێپەڕاند.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشی توندی کردە سەر فریدریچ مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا و رایگەیاند "ئەو نازانێت باسی چی دەکات،" ئەمەش دوای ئەوەی مێرز رەخنەی لە ستراتیژی ئەمریکا بەرانبەر ئێران گرتبوو.

ئێران لەو کاتەوەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێش دوو مانگ دەستیپێکردووە، گەرووی هورمزی داخستووە، کە رێڕەوێکی ستراتیژییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شۆک لە ئابووری جیهانیدا.