سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا 52 کەشتی ئێرانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون
بەگوێرەی داتا نوێیەکانی چاودێری مانگە دەستکردەکان، تەنیا لە 72 کاتژمێری رابردوودا، 52 کەشتی جۆراوجۆر هێڵی گەمارۆ دەریاییەکانیان بەزاندووە و بەسەلامەتی تێپەریون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس لەرێگەی پشت بەستن بە زانیاریی مانگە دەستکردەکان بڵاویکردەوە، ئەو 52 کەشتییەی لەو ماوەیەدا گەمارۆکەیان شکاندووە، پێکهاتوون لە 31 کەشتی نەوت و 21 کەشتی بارهەڵگر، ئاماژە بەوەش دراوە، 30 لەو کەشتییانە بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، کە شەش کەشتی نەوت و پێنج کەشتیی بارهەڵگری ئێرانییان تێدابووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە 13ـی نیسانی رابردوو گەمارۆیەکی دەریایی توندی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە دۆناڵد ترەمپ چەندین جار بە گەمارۆیەکی بەهێز و یەکلاکەرەوە وەسفی کردبوو، بەڵام بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای "ڤێرتێکسا" بۆ شوێنپێهەڵگرتنی بارە نەوتییەکان، تەنیا لە ماوەی 10 رۆژدا، لانیکەم 34 کەشتی نەوتی پەیوەندیدار بە ئێران گەمارۆکەیان شکاندووە و نزیکەی 11 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە.
هەروەها کۆمپانیای "تانکەر تراکەرز"یش رایگەیاندووە، پێش دوو رۆژ، چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکەی ئێران بە نهێنی لە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا دەرچووە.
لە وەڵامی هەنگاوە یاساییەکانی ئەمریکا، ئێران رێکارە ئەمنییەکانی لە گەرووی هورمز توندتر کردووەتەوە، وێنە مانگەدەستکردەکان دەریدەخەن کە جووڵەی کەشتیوانی لەو ناوچەیەدا زۆر کەمبووەتەوە و تەنیا بە مۆڵەتی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رێگە بە تێپەڕبوون دەدرێت، تا ئێستاش دوو کەشتیی پەیوەندیدار بە ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ کەناراوەکانی ئەو وڵاتە گواستراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای "مارین ترافیک" بڵاویکردەوە، کە کەشتییەکی نەوتی سەر بە کۆمپانیای "ئادێمیتسۆ"ی ژاپۆنی، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، ئەم کەشتییە کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتووە، لە 17ی نیسانەوە لە بەندەری "ڕەئس تەنورە"وە بەڕێکەوتبوو.
هەروەها ژاپۆن بۆ دابینکردنی %95ـی پێداویستییە وزەکانی پشت بە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا دەبەستێت و لە دوای دەستپێکردنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، بەدەست قەیرانی وزەوە دەیناڵاند، تا ئەو رادەیەی میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە راستەوخۆ هەواڵی گەیشتنی یەکەم کەشتی نەوتیان بۆ کەنداوی تۆکیۆ بڵاوکردەوە.