سەرۆکی شارەوانی کەلار: لە ماوەی 3 مانگی داهاتوو زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت

سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار
سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار

سەرۆکی شارەوانی کەلار رایدەگەیەنێت، سەرجەم گرفتە هونەری و بودجەییەکانی تایبەت بە رووپێوکردنی زەویی فەرمانبەران چارەسەر کراون و لە ماوەی 2 بۆ 3 مانگی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری گەرمیان دەستپێدەکات.

چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دابەشکردنی زەوی لە شارەکانی کەلار، کفری و رزگاری کە پێشتر بەهۆی گرفتی هونەری و رووپێوی دواکەوتبوو، ئێستا رێکارەکانی دەستیپێکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت گرفتەکانی چارەسەر کردووە و بودجەی پێویستی بۆ دابین کردوون.

بە گوتەی سەرۆکی شارەوانی کەلار، ئێستا نزیکەی 30%ی کارەکانی رووپێوکردنی زەوییەکان تەواو بووە و بەگوێرەی ئەو پلانەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دانراوە، تەواوی پرۆسەی رووپێوکردن و ئامادەکردنی زەوییەکان 2 بۆ 3 مانگی پێویستە.

سەبارەت بە ئاماری ئەو فەرمانبەرانەی فۆرمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە، سامان رەحیم ئاشکرای کرد:
- لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 25,920 فۆرم پڕکراوەتەوە.
- لە سنووری شاری کەلار 17,883 فۆرم پڕکراوەتەوە.
- تاوەکو ئێستا لە شاری کەلار 12,681 فۆرم گەڕاونەتەوە کە شایستەی وەرگرتنی زەوین.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی شارەوانی کەلار جەختی کردەوە کە دوای تەواوبوونی کارە هونەرییەکانی نەخشەسازی و دیزاین، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان دەکرێت، تاوەکو فەرمانبەرانی گەرمیان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە مافی وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن.