کەنەدا: سوپای پاسداران جێگەیان لە وڵاتەکەمان نابێتەوە
حکوومەتی کەنەدا رایگەیاند؛ ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران "جێگەیان لەسەر خاکەکەی نابێتەوە"، ئەمەش دوای ئەوەی شاندێکی ئێران بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی یەکێتیی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) گەشتی ئەو وڵاتەیان کردبوو، بەهۆی سوکایەتیپێکردن لە بەشی کۆچی فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ، وڵاتەکەیان جێهێشت.
وەزارەتی کۆچ و پەنابەران و هاووڵاتیبوونی کەنەدا رایگەیاند؛ ناتوانێت لێدوان لەسەر حاڵەتە تایبەتەکان بدات بەهۆی پاراستنی تایبەتمەندییەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، "بەرپرسانی سوپای پاسداران رێگەیان پێنادرێت بێنە ناو کەنەداوە."
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، شاندەکەیان بۆ کۆنگرەی "فیفا" کە بڕیارە ئەم هەفتەیە لە ڤانکۆڤەر بەڕێوەبچێت و پێش دەسپێکردنی کۆنگرەکە کەنەدایان جێهێشتووە، ئەوەش بەهۆی ئەو سوکایەتییەی لە بەشی کۆچ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تۆرۆنتۆ بەرامبەریان کراوە.
میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە، شاندە ئێرانییەکە "بە یەکەم گەشت گەڕاونەتەوە بۆ تورکیا، ئەمەش بەهۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی کارمەندانی کۆچ لە فڕۆکەخانە و ئەو سوکایەتییەی بەرامبەر بە یەکێک لە بەڕێزترین دامەزراوەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کراوە"، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخەنە روو.
لە ساڵی 2024دا، کەنەدا سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند و چوونەژوورەوەی ئەندامانی بۆ ناو خاکەکەی قەدەخە کرد.
راپۆرتە ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، مەهدی تاج، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران و جێگری سکرتێری گشتی، بە "ڤیزای فەرمی" گەشتی کەنەدایان کردبوو پێش ئەوەی بگەڕێنەوە.
پێشتریش رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، شارەزایان و بەرپرسانی سیاسی هۆشدارییان داوە لە ئەگەری هەبوونی نزیکەی هەزار کەس لە ناوخۆی کەنەدا کە گومانی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە لێدەکرێت. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو کەسانە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنیی بۆ سەر کەنەدا، ئەمریکا و هاوبەشەکانیان سەیر دەکرێن.