ئەمریکا هێزەکانی لە ئەڵمانیا کەم دەکاتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ ئیدارەکەی بە جددی تاوتوێی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا دەکات و ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەدرێت.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکی پێداچوونەوە و تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی هێزەکانیەتی لە ئەڵمانیا، بڕیارەکەش لە ماوەیەکی کورتدا دەدرێت."
ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، رەخنەی توندی لە فرێدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا گرت. ململانێکان کاتێک سەریان هەڵدا کە مێرتز رایگەیاندبوو ئێرانییەکان لە دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگدا "سوکایەتی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن".
ترەمپ لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر مێرتز و گوتی: "ئەو نازانێت باس لە چی دەکات، جێگەی سەرسوڕمانیش نییە، ئەڵمانیا چ لە رووی ئابوورییەوە و چ لە رووی دیکەوە بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت."
ئیدارەی ترەمپ لە ماوەی رابردوودا چەندین جار رەخنەی لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ گرتووە، بەهۆی ئەوەی بەشدارییان لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران نەکردووە. واشنتن بەتایبەت نیگەرانە لەوەی هەندێک لەو وڵاتانە ئامادە نەبوون هێزی دەریایی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز رەوانە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، فرێدریک مێرتز هەوڵیدا گرژییەکان بڕەوێنێتەوە و گوتی: "پەیوەندییەکانم لەگەڵ ترەمپ هێشتا بە باشی ماونەتەوە و گفتوگۆی بونیادنەر لە نێوانماندا بەردەوامە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی خزمەتگوزاری توێژینەوەی کۆنگرێس، لە ساڵی 2024دازیاتر لە 35 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا جێگیر کراون، بەڵام میدیاکانی ئەڵمانیا مەزەندە دەکەن ژمارەکە نزیکەی 50 هەزار سەرباز بێت.
ئەڵمانیا ناوەندیی سەرەکی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئەوروپا و گرنگترین بنکە سەربازییەکانی وەک "رامشتاین" و بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا (EUCOM) لە شتوتگارت لەخۆدەگرێت. بە گشتیی، ئەمریکا نزیکەی 80 هەزار سەربازی لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپادا هەیە.