ئەمریکا هانی حکوومەتەکان دەدات ببنە بەشێک لەم هاوپەیمانییە

لە پێشهاتێکی نوێدا بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی کەنداو و فشاری زیاتر بۆ سەر تاران، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی پێشنیازی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێی نێودەوڵەتی خستووەتە بەردەم وڵاتانی جیهان بە ئامانجی پاراستن و دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.

میدیاکانی ئەمریکا هەندێک زانیارییان لە بروسکەیەکی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دزەپێکردووە کە رۆژی سێشەممە بۆ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا نێردراوە، پرۆژەکە ناوی (هاوپەیمانیی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی)ـە و پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی دەرەوە و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکایە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەمریکا، داوا لە دیپلۆماتکارانی ئەمریکی کراوە هانی حکوومەتەکانی دیکە بدەن ببنە بەشێک لەم هاوپەیمانییە، هەرچەندە ئەمریکا وەک هەنگاوێکی ئاشتیانە وێنای کردووە، بەڵام بژاردەی بەشداریکردنی سەربازی یان دیپلۆماسیی خستووەتە بەردەم وڵاتان، ئەرکی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییەش کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات بریتییە لە ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری، هەماهەنگی دیپلۆماسی و زامنکردنی جێبەجێکردنی سزاکان.

ئەم جووڵە نوێیەی واشنتن لە کاتێکدایە کە لە 13ـی نیسانەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر هاتن و چوونی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز، کە رێڕەوێکی ستراتیژییە و نزیکەی %20ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

لە کاردانەوەی ئەمەشدا، فاتیمە موهاجیرانی گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، هەنگاوەکەی ئەمریکای بە چەتەیی دەریایی ناوبرد و هۆشداریدا لەوەی تاران خەریکی تاوتوێکردنی چەندین سیناریۆی جیاوازە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی توند لەپێناو شکستهێنان بەو گەمارۆیە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر داوای پاکستان، لە 21ـی نیساندا رەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی کە لە 8ـی نیسان لەنێوان واشنتن و تاران راگەیەندرا بوو تا کاتی کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، بەڵام جەختی کردەوە سەرەڕای ئاگربەستەکە، گەمارۆ دەریاییەکانی سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبن و هەڵناوەشێنەوە.