رێکاری توند بەرانبەر تێکدەرانی پارک و باخچەکانی دهۆک دەگیرێتەبەر
لە شاری دهۆک دیاردەی تێکدان و شێواندنی پارکە گشتییەکان رووی لە زیادبوون کردووە، شارەوانیی شارەکەش رێکارەکانی بۆ چاودێریکردن توندتر دەکاتەوە و سزای سەرپێچیکاران دەدات.
پارکی سەرهەڵدان بە یەکێک لە گەورەترین و نوێترین پرۆژە سەوزاییەکانی ناوەندی پارێزگاکە دادەنرێت. تەنیا شەش مانگ دوای کردنەوەی، بەشێکی زۆری کەلوپەلەکانی یاریی منداڵان، ئامێرە وەرزشییەکان و زەوییە لاستیکییەکانی لەلایەن هەندێک کەسەوە تێکشکێندراون و سیمایەکی ناشرینیان بە پارکەکە بەخشیوە.
هاووڵاتییانی شاری دهۆک نیگەرانیی خۆیان لەم دیاردەیە دەردەبڕن و پێیان وایە ئەمە کارێکی نەشیاوە. زێرەڤان نەعمان، هاووڵاتییەکی شارەکەیە و دەڵێت: "پێویستە هاووڵاتییان وەک ماڵی خۆیان سەیری ئەم شوێنانە بکەن. لە هەمان کاتدا داواکارین لە شارەوانی رێکاری پێویست بگرێتەبەر و بەدواداچوون بکات بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەم کارە دەکەن، چونکە کۆنترۆڵکردنی ئەم بابەتە کارێکی زەحمەت نییە."
لە لایەکی دیکەوە ئاسیا عەبدولکەریم، دانیشتوویەکی دیکەی دهۆکە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات پارکەکان بپارێزن و پاک رایان بگرن بۆ ئەوەی سیمای جوانی شارەکە و ئەو سەرمایە نیشتمانییە تێک نەچێت.
لە بەرانبەر ئەم دیاردەیەدا، شارەوانیی دهۆک رێکارەکانی بۆ پاراستنی پارکەکان توندتر کردووە. شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک رایگەیاند، "بۆ پاراستنی ئەم پرۆژانە و رێگریکردن لە تێکدانیان، ژمارەی کامێراکانی چاودێری و پاسەوانەکانمان لە پارکەکاندا زیاد کردووە. هەروەها سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنین زیان بە موڵکی گشتی دەگەیەنن."
شێروان حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەندێک پارکی تردا کێشەی ئەوەیان هەیە کەسانی گەورەتر لە تەمەنی رێگەپێدراو ئامێرەکانی یاریی منداڵان بەکاردەهێنن و ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ شکان و تێکچوونیان. هەروەها دووپاتی کردەوە، لیژنەکانیان هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکەن و هەوڵ دەدەن ئەو کەلوپەلانەی تێکچوون نۆژەنیان بکەنەوە.
لەسەر ئاستی شاری دهۆک 150 باخچەی گەڕەکەکان و 11 پارکی گەورە هەن. سەرەڕای ئەوەی سەدان کارمەندی حکوومەت شەو و رۆژ سەرقاڵی پاکڕاگرتن و چاودێریکردنی ئەو پارک و باخچانەن، بەڵام هێشتا دەستی تێکدەران دەگاتە ئەو شوێنانە.
پاراستنی ژینگە و موڵکی گشتی تەنیا لە ئەستۆی حکوومەتدا نییە، بەڵکوو ئەرکێکی سەرشانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە. هاووڵاتییان داواکارن سزای توند بدرێن ئەوانەی جوانیی شارەکە دەشێوێنن بۆ ئەوەی ببنە وانەیەک بۆ کەسانی دیکە.