ئەحمەد تورک دەگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی
سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین و ئەسەنیورت بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسێکی نزیک لە دەسەڵات دەگەڕێنەوە سەر پۆستەکانیان.
سینان بورهان، رۆژنامەنووسی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەنگاوە گرنگەکانی رێچکەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئایاری داهاتوودا ئەحمەد تورک، سەرۆک شارەوانی پێشووی مێردین و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆک شارەوانی ئەسەنیورت بگەڕێنەوە سەر پۆستەکانیان.
ئەحمەد تورک، ئەندامی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2024 بۆ جاری سێیەم وەک سەرۆک شارەوانی گەورەشارەوێی مێردین هەڵبژێردرا؛ بەڵام دوای ئەوەی وەک یەک لە گومانلێکراوانی دۆسیەی "کۆبانێ" لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، وەزارەتی ناوخۆ قەیومی لە شوێنی دەستنیشان کرد.
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆک شارەوانی ناوچەی ئەسەنیورت لە ئیستانبوڵ و ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بەهۆی لێپێچینەوەیەکی یاساییەوە لە پۆستەکەی لادرا و قەیومی بۆ دەستنیشانکرا.
ئەم زانیارییانەی سینان بورهان دوای ئەوە دێن، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ئاماژەی بە گۆڕانکاریی رامیاری کرد.
دەوڵەت باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاریان روونە و تا ئەو کاتەی ئۆجەلان دەگاتە ئاوات، ئەحمەدەکان دەگەڕێنەوە سەر پلەکانیان و دەمیرتاش دەگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی. دەوڵەت باخچەلی ئەوەشی خستە روو، پارتەکەیان لەو رێگەیەی بە راستی دەزانێت لانادات.
سیاسەتی لادانی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان و دانانی "قەیوم" لە شوێنیان، یەکێکە لە کێشە هەرە لەمێژینەکانی نێوان دەسەڵاتی تورکیا و لایەنە کوردییەکان. ئەم سیاسەتە لە ساڵی 2016ـەوە بە چڕی دەستی پێکردووە.