سیروان تۆفیق: پلانێکی ستراتیژی بۆ کەرتی گەشتیاری دانراوە
بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆر و دروستکردنی زنجیرەیەک بەنداو لە ناوچە جیاجیاکان، سروشتی کوردستان گەشەیەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە هۆی راکێشانی ژمارەیەکی زیاتری گەشتیاران.
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئایاری 2026، سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 لە نزیک بەنداوی گۆمەسپان رایگەیاند، پلانێکی تۆکمەیان بۆ دانانی کابینەی گەشتیاری لە نزیک بەنداوەکان هەیە بۆ ئەوەی گەشتیاران لە کاتی گەشت و سەیران بتوانن بە ئاسانی سوود لێوەربگرن.
بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن گوتیشی: ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆر و دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لە ناوچە جیاجیاکان، سروشتی کوردستان گەشەیەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە هۆی راکێشانی ژمارەیەکی زیاتری گەشتیاران.
بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار ئاشکراشی دەکات کە جەنگی ئێران کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاران هەبووە، بەڵام لە پلانی خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە زۆرترین گەشتیار بەردەوام دەبن
هەروەها رایدەگەیەنێت، دەستەی گەشتوگوزار خاوەنی پلانێکی ستراتیژییە تا ساڵی 2030، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، ئەم پلانە چەندین تەوەری گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە: باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان، بەرزکردنەوەی توانای مرۆیی و گەشەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری لە دەوروبەری بەنداوەکان، وەک بەنداوی گۆمەسپان کە رۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی ئاو و راکێشانی گەشتیاردا هەیە.
سیروان تۆفیق جەخت لەوە دەکاتەوە، دروستکردنی رێگە و شەقامی مۆدێرن کاریگەری لەسەر هاتنی زیاتر گەشتیاران دەبێت و بەتایبەت لە کابینەی نۆیەم، کە ژمارەیەک پرد و شەقام و رێگەی نوێ و مۆدێرن دروستکراون.
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار، داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات، ژینگەی کوردستان بپارێزن و لە کاتی گەشتەکانیاندا پاشماوەکانیان کۆبکەنەوە.