ماڵپەڕێک: جەنگی ئێران دەریخست سوپای ئەمریکا ئامادەی ململانێی گەورە نییە
ماڵپەڕێکی ئەمریکی: جەنگی ئێران بنەماکانی ستراتیژیی سەربازیی ئەمریکای لەق کرد
راپۆرتێکی شیكاریی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و تاران دەریخستووە کە سوپای ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ململانێیەکی گەورەتر، هاوکات پرسیاری جیددی لەسەر توانای واشنتن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.
ماڵپەڕی (Responsible Statecraft)ـی ئەمریکی، کە تایبەتمەندە لە شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە، هەروەها رەخنەگرە لە دەستێوەردانە سەربازییە تێچووبەرزەکان، لە راپۆرتێکی شیکاریدا رایگەیاند: کە جەنگ لەگەڵ ئێران ئەو راستییەی ئاشكرا كرد کە سوپای ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە بۆ ململانێیەکی گەورەتر.
ئەم ماڵپەڕە ئەمریکییە، کە رووماڵی پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەمەن و ئێران دەکات و تیشک دەخاتە سەر شکستی ستراتیژە سەربازییەکان و دژبەیەکییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەمڕۆ هەمووان لە واشنتن پێشبڕکێ دەکەن بۆ قسەکردن لەسەر یەدەگی مووشەکیی وڵاتەکە، ئەمەش هۆکاری دروستی خۆی هەیە. هەر کە جەنگ لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت، کە پێشتر یەدەگی مووشەکیی ئەمریکای بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا سوپا توانای هەیە بەردەوام بێت لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان؟ بە تایبەتی لە داهاتوویەکی پێشبینیکراوی نزیکدا."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی سوپای ئەمریکا توانیویەتی چەند سەرکەوتنێکی تاکتیکی لە بەرامبەر ئێراندا بە دەست بهێنێت، بەڵام دەرئەنجامەکانی ئەم ململانێیە بە توندی بنەما سەرەکییەکانی ستراتیژیی سەربازیی ئەمریکای لەق کردووە.
لە راپۆتەکەدا جەختی لەوە کراوەتەوە، کە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گومانیان خستووەتە سەر کارایی ئەو پلانانەی واشنتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارودۆخە لەناکاو و مەترسیدارەکان دایناون.
بە پێی راپۆرتەکە: "ئەو زیانەی بەر بنکە ئەمریکییەکان کەوتووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گەورە بووە؛ ژێرخانەکان، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و رادارە زەمینییەکان وێران کراون. فڕۆکە سەربازییە گرانبەهاکان، لە نێویاندا فڕۆکەکانی سووتەمەنیپێدان و فڕۆکەکانی هۆشداریی پێشوەختەی مەودا درێژ (ئاواکس) زیانیان پێگەیشتووە و لەکار کەوتوون. لە راستیدا، بنکە سەربازییەکان هێندە لاواز و کەوتوونەتە مەترسییەوە کە چیدیکە ناتوانرێت سەربازانی سوپای ئەمریکا تیایاندا جێگیر بکرێن، بەڵکو ناچار بوون لە دوورەوە و لەناو هۆتێلەکانەوە کارەکانیان راپەڕێنن."
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئاگربەستی لەگەڵ تاران تا کۆتاییهاتنی دانوستانەکان درێژ کردەوە. دواتر ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە واشنتن ئۆفەرێکی نوێی لە لایەن ئێرانەوە بە مەرجی گونجاوتر پێگەیشتووە، بەڵام تاران هەر لە سەرەتاوە بوونی هەر پلانێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان رەت کردەوە.
لە بەرامبەریشدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، جەختی لەوە کردبووەوە کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک لەژێر گوشار، هەڕەشە، یان گەمارۆی دەریاییدا بەشداری لە دانوستانەکاندا ناکات.