ترەمپ: دوای ئێران نۆرەی کوبایە

ئەرشیف ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
ئەرشیف ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی پەرەپێدانی گرژییە سەربازییەکانی بەرامبەر کوبا کرد و ئاماژەی بە سیناریۆی بەکارهێنانی هێزی دەریایی لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتەدا.

ترەمپ لە وتارێکدا رایگەیاند: "لە کاتی گەڕانەوەمان لە ئێران، یەکێک لە گەورەترین فڕۆکەهەڵگرەکانی جیهان (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن) دەبەینە کەناراوەکانی کوبا؛ لەو بڕوایەدام تەنیا بە بینینی ئەو هێزە، ئەوان خۆیان بەدەستەوە دەدەن."

هاوکات کۆشکی سپی سزای نوێی بەسەر چەندین بەرپرس و لایەنی کوبیدا سەپاند، تۆمەتبارن بە گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی فشارەکانی ئیدارەی ترەمپە بۆ ناچارکردنی حکوومەتی کوبا بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی یان دەستبەرداربوون لە دەسەڵات.

لە بەرامبەردا، میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواو دایە بۆ هەر هێرشێکی ئەگەریی ئەمریکا و گوتی: "نامانەوێت بچینە ناو شەڕەوە، بەڵام ئەرکی سەرشانمانە بۆ بەرگریی ئامادەبین و ئەگەر شەڕیش روویدا، دەبێت سەرکەوین."

واشنتن کوبا وەک ئامانجی دوای ڤەنزوێلا و ئێران دەبینێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.