بەرگری شارستانی سۆران زانیاریی نوێ لەسەر رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ ئاشکرا دەکات
تیمەکانی بەرگری شارستانی لە قەزای سۆران زیاتر لە 12 کاتژمێرە بێ پشوودان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک کە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە کەوتووەتە ناو رووباری گەلی عەلی بەگ.
ئەمرۆ شەممە، 2ـی ئایاری 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "رووداوەکە لە ئەنجامی کەوتنی ئۆتۆمبێلێک بووە بۆ ناو رووبارەکە، کە پێنج سەرنشینی تێدابووە؛ دوو لە سەرنشینەکان بە برینداری رزگارکراون، بەڵام سێ کەسی دیکە کە تەمەنیان 17، 3 و 6 ساڵە، تا ئێستا بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە."
سەبارەت بە وردەکاری کارەکانیان، میراودەلی ئاماژەی بەوە کرد، کە تیمەکانیان بە درێژایی 2 کیلۆمەتر بڵاوبوونەتەوە و گوتی: "بە راسپاردەی وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی هەرێم، تیمەکانی مەلەوانی قەندیلی سەر بە بەرگری شارستانی هەولێریش هاتوونەتە سەر هێڵ و پلانێکی وردمان بۆ گەڕانەکە داناوە."
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی هاتوونەتە پێشیان و گوتی: "ئاستی ئاوی رووبارەکە ئەمساڵ زۆر بەرزترە لە ساڵانی رابردوو، ئاوەکە زۆر لێڵ و ساردە، لە هەندێک شوێنیشدا قووڵاییەکەی دەگاتە 17 مەتر، ئەمانە هەمووی کاری گەڕانەکەیان قورس کردووە."
میراودەلی ئاشکرای کرد، لە رێگەی کامێرای تایبەتەوە توانیویانە چەند پارچەیەکی جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە بدۆزنەوە، بەڵام هێشتا خودی ئۆتۆمبێلەکە نەدۆزراوەتەوە. گوتیشی: "بەهۆی تێکشکانی جامەکانەوە، ئەگەرێکی زۆر هەیە تەرمەکان لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا نەمابن و ئاوەکە بردبێتی؛ بەڵام ئێمە بەردەوامین تا ئەو کاتەی تەرمەکان دەدۆزینەوە و رادەستی کەسوکاریانی دەکەینەوە."
ڕووداوەکە کاتژمێر 9:40 خولەکی شەوی رابردوو لە گەلی عەلی بەگ روویدا، ئۆتۆمبێلەکە پێنج سەرنشینی تێدابووە و خەڵکی ناحیەی خەلیفانن، لە کاتی کەوتنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ناو رووبار، پیاوێک بەناوی (ئوسامە موتەڵیب) و ئافرەتێک کە پووری ئوسامەیە، توانیویانە لە ئۆتۆمبێلەکە بێنە دەرەوە و بە سەلامەتی رزگاریان بێت.
بەپێی گوتەکانی رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران کە بۆ کوردستان24 دواو گوتیەتی، سێ منداڵی خێزانەکە کە یەکێکیان کچە، کەوتوونەتە ناو رووبارەکە و شەپۆلی ئاوەکە بردوونی، هەر لە ساتی رووداوەکەوە تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە و گەڕانێکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو سێ منداڵە دەستیپێکردووە کە تا ئێستا بێسەروشوێنن.