فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن کۆگاکانی ماددەی هۆشبەریان لە باشووری سووریا بۆردومان کرد

سەرچاوە میدیاییەکانی سووریا، رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی کۆگاکردنی ماددەی هۆشبەر لە گوندەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سوەیدا.

بەگوێرەی زانیارییەکان هێرشەکان چەند حەشارگەیەکی کۆگاکردنی ماددەی هۆشبەریان لە نزیک گوندەکانی "ئوم ڕومان و مەلەح" کردووەتە ئامانج. هاوکات لە ناوچەی "شەهبا" دەنگی تەقەیەکی زۆر بە چەکی قورس بیستراوە، کە سەرچاوەکەی بۆ "بەرگریی نیشتمانی"ی درووزەکان دەگەڕێتەوە؛ ئەوان چەند درۆنیکیان کردووەتە ئامانج کە پێدەچێت سەر بە سوپای ئوردن بن و بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی هێرشە ئاسمانییەکە لە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕابێتنەوە.

هەر لە هەمان چوارچێوەدا، دەوروبەری لقی پێشووی "ئاسایشی دەوڵەت" لە شاری شەهبا بەر هێرشێکی ئاسمانی کەوتووە، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ فڕینی درۆنەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا.

لە 9ـی نیسانی 2026، بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئوردن و سووریا رایانگەیاندبوو؛ لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری هاوبەشدا توانیویانە رێگری لە قاچاخکردنی 5.5 ملیۆن حەبی هۆشبەر بکەن لە رێگەی دەروازەی سنووری "جابر".

هەروەها لە ماوەی ساڵی 2025دا، سوپای ئوردن چەندین چالاکی توندی دژی قاچاخچییەکان ئەنجامداوە، لەوانە: پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی قاچاخکردنی 200 هەزار حەبی هۆشبەر. ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە شارۆچکەی "شەعاب" لە بادەی سوەیدا. هەروەها کوژرانی ژمارەیەک قاچاخچی و تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلەکانیان لە کاتی هەوڵی بەزاندنی سنوورەکانی ئوردن.

ئوردن سنوورێکی وشکانی بە درێژایی 375 کیلۆمەتر لەگەڵ سووریا هەیە، ساڵانێکە لە شەڕێکی بەردەوامدایە دژی قاچاخکردنی چەک و ماددەی هۆشبەر، بەتایبەتی حەبی "کەبتاگۆن". بەرپرسانی عەممان جەخت دەکەنەوە پرۆسەی قاچاخکردنەکە بە شێوەیەکی رێکخراو ئەنجام دەدرێت و گرووپە چەکدارەکان پارێزگارییان لێ دەکەن و تەنانەت درۆنیش بۆ گواستنەوەی ماددەکان بەکاردەهێنن، ئەمەش وای کردووە سوپای ئوردن پەنا بۆ هێزی ئاسمانی ببات بۆ لێدانی حەشارگەکانیان لەناو خاکی سووریادا.