پەرلەمانی ئێران پرۆژەیاسای کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزی ئامادە کردووە
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پرۆژەیاسایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز پەسند دەکەن و تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک پێویستی بە مۆڵەتی فەرمی دەبێت، مەرجی سەرەکیش بەکارهێنانی ناوی کەنداوی فارسە لە بەرانبەر وەرگرتنی باجدا.
عەلی نێکزاد، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانێکیدا بۆ بەندەرعەباس رایگەیاند، پرۆژەیاسایەکی 12 خاڵی بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز داڕێژراوە، پەرلەمان ئەو پرۆژەیە پەسند دەکات و گۆڕانکاریی ریشەیی لە یاساکانی هاتوچۆی دەریاییدا دەکرێت.
عەلی نێکزاد ئاماژەی بەوە کرد، لەمەودوا تێپەڕبوونی هەموو کەشتییەک پێویستی بە مۆڵەتی فەرمیی ئێران دەبێت، ئەم بڕیارەشی هاوشێوەی خۆماڵیکردنی نەوت بە گرنگ ناساند.
هاوکات محەممەد رەزایی، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی پێدانی مۆڵەت بە کەشتییەکان، بەکارهێنانی ناوی کەنداوی فارسە.
سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە روونیشی کردەوە، 30%ـی داهاتی ئەو باجەی لە کەشتییەکان وەردەگیرێت بۆ بەهێزکردنی کەرتی سەربازی و 70٪ی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و بژێوی خەڵک تەرخان دەکرێت.
پێشتریش بەرپرسانی ئێران گەرووی هورمزیان وەک کارتی فشاری سەرەکیی وڵاتەکەیان دژ بە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ناساندووە و رایانگەیاندووە، رێگە نادەن هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچەیەدا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە. لەم چوارچێوەیەدا، کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە وەکوو چەکێکی کاریگەر بۆ تاران سەیر دەکرێت و بە شادەماری ئابووریی جیهان هەژمار دەکرێت.