هاتوچۆی هەرێم رێکار و تێچووی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی راگەیاند
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وردەکاری و رێکارەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هاوڵاتییان دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان مۆڵەتەکە بەدەستبهێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پێداویستییانەی دەبێت هاووڵاتیان بۆ دەرهێنانی مۆڵەتەکە لەگەڵ خۆیان بیهێنن بریتین لە،
مۆڵەتی شۆفێری رەسەن کە کارا بێت و بەسەرنەچووبێت.
پاسپۆرتی رەسەن کە کارا بێت و بەسەرنەچووبێت.
دوو وێنەی رەنگاوڕەنگ.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ راشیگەیاند، مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بە 3 شێواز و بەپێی ماوەی کارابوونی، بەم رسوماتیانەی خوارەوە دەدرێت بە شۆفێران.
بۆ ماوەی 1 ساڵ: بڕی 60,000 دینار وەردەگیرێت.
بۆ ماوەی 2 ساڵ: بڕی 110,000 دینار وەردەگیرێت.
بۆ ماوەی 3 ساڵ: بڕی 160,000 دینار وەردەگیرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هاووڵاتییان دەتوانن بە شێوەیەکی خێرا مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک تەنیا لە ماوەی 30 خولەکدا مامەڵەکە رایی دەکرێت و مۆڵەتەکە دەدرێتەوە بە شۆفێر.