ئێران: پێشنیازێکی 14 خاڵیمان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ خستووەتە روو

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: کە دەستپێشخەرییەکی 14 خاڵییان بۆ راگرتنی جەنگ خستووەتە روو، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە لەم قۆناغەی ئێستا هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێکی ئەتۆمی بەڕێوە ناچێت.

یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "پێشنیازێکمان بۆ وەستاندنی جەنگ خستووەتە روو کە لە 14 خاڵ پێک دێت و، تیشک دەخاتە سەر کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکاندا، لە نێویاندا وڵاتی لوبنان."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دەستپێشخەرییەکەمان بە ئامانجی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هەروەها رێککەوتن لەسەر چۆنیەتیی خستنەواری جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە لە ماوەی 30 رۆژدا."

سەبارەت بە کاردانەوەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی هەڵوێستی واشنتن لەسەر ئەم پێشنیازە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد: "لایەنی ئەمریکی بۆچوون و تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بە پێشنیازەکەمان لە رێگەی لایەنی پاکستانییەوە پێ گەیاندووین؛ ئێمەش ئێستا تاوتوێی دەکەین و لە کاتی گونجاودا وەڵاممان دەبێت."

بۆ رەواندنەوەی هەر گومانێک سەبارەت بە بەستنەوەی ئەم پێشنیازە بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە روونی جەختی کردەوە و رایگەیاند: "لەم قۆناغەدا بە هیچ شێوەیەک هیچ دانوستانێکی ئەتۆمی لە ئارادا نییە و ئەنجام نادرێت."

شەممە، 2ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، بڵاوی کردبووەوە، "تاران وەڵامە فەرمییەکەی خۆی رادەستی لایەنی پاکستانی کردووە، کە پێکهاتووە لە 14 خاڵ و تێیدا هێڵە گشتییەکانی دیدگای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ داڕێژراون."

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردبوو، "ئەم وەڵامەی تاران لە چوارچێوەی مامەڵەکردندایە لەگەڵ ئەو پێشنیازە 9 خاڵییەی کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە خرابووە روو."

دوای نزیکەی 40 رۆژ لە جەنگ، ئەمریکا و ئێران لە دانوستانەکانیان بە نێوەندگیری پاکستان نەگەیشتن بە رێککەوتن، ئێستا تاران پێشنیازی نوێی لە رێگەی حکوومەتی ئیسلام ئابادەوە پێشکەش بە واشنتن کردووە بۆ ئەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی ئێران ئەنجام بدرێت.