ئەمساڵ ژمارەیەک پرۆژەی ئاو تەواو دەبن
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان پلانی ئەمساڵیان بۆ وەرزی هاوین دەخاتەڕوو و کە تێیدا ئاماژە بە تەواوبوونی چەند پرۆژەیەک دەکات.
یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان ئامادەکاری کراوە، بۆ ئەوەی کەمترین گرفتی کەمئاوی رووبدات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر هیچ گرفتێکی دارایی نەیێتە پێشەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە تەواو دەبێت، کە گرفتی کەمئاوی لە سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەریی کۆتایی پێ دەهێنێت؛ هاوکات تاوەکوو ئێستا پرۆژەکە لە بە رێژەی 35% کارەکانی تەواو بووە.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەمساڵ پرۆژەی ئاوی بارزان تەواو دەبێت و بەمەش کێشە کەمئاوی بۆ 51 گوند چارەسەر دەبێت.
دەربارەی پرۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی سلێمانی-دوکان، ئاری ئەحمەد رایگەیاند، پرۆژەکە لە قۆناغی دیزاینکردندایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، تێچووەکەی زیاتر لە 423 ملیۆن دۆلارە، وەک یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی ژێرخانی ئاو لە هەرێم دادەنرێت و ئامانج لێی بنبڕکردنی کێشەی کەمئاوی شارەکەیە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی داهاتوو.