سەگی بێلانە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی دانیشتووانی دهۆک

زۆربوونی ژمارەی سەگی بێلانە لە رێگە و کۆڵانەکانی شاری دهۆک، ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردووە و چەندین رووداوی پەلاماردانیش تۆمار کراون. شێڵتەرێک بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان دروست کراوە، بەڵام بەهۆی کەمیی پێداویستی و کارمەندەوە هێشتا بەکار نەهاتووە.

کاوە مزووری، هاووڵاتییەکی شاری دهۆکە، دوای یەک هەفتە لە برینداربوونی بەهۆی هێرشی سەگی بێلانەوە، هێشتا شوێنەواری برینەکانی پێوە دیارە و دەچێتە سەر کارەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی چالاکییەکانی قوتابخانەکان. 

کاوە لە بارەی ساتی رووداوەکەوە دەڵێت، "لە کاتی رۆیشتنم بۆ سەر کار لە شەقامی پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، لەناکاو سەگێک پەلاماری دام و قاچمی گرت، هەرچەندە هەوڵم دا خۆم بپارێزم، بەڵام قاچمی بریندار کرد. دواتر سەردانی نەخۆشخانەم کرد و دەرزییان بۆ بەکار هێنام، بەڵام تووشی تا و لەرزێکی زۆر بووم".

بوون و بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانە لە کۆڵانەکانی دهۆک، بووەتە جێگەی دڵەڕاوکێیەکی گەورە بۆ سەر ئافرەتان و منداڵان. ئەوان بە شێوەی مێگەل بە شەو و رۆژ لە کۆڵانەکاندا دەسوڕێنەوە. 

حەکیم سەعدوڵڵا، هاووڵاتییەکی دیکەی دهۆکە و دەڵێت، "بەیانیان زوو و شەوانە سەگێکی زۆر لێرە کۆ دەبنەوە. چەندین جار داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بێن بیانبەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ نەکراوە و بوونەتە هۆی بێزارکردن بۆ هەموو گەڕەکەکە".

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ساڵی رابردوو پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەرێکی تایبەت بە سەگی بێلانە لە دهۆک تەواو بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارمەند و کەرەستەی پێویستەوە، هێشتا بەکار نەهاتووە.

کاوە باسم، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای دهۆک لەم بارەیەوە بە کوردستان 24ی راگەیاند، "پڕۆژەکە لە رووی بیناسازی و کارمەندەوە ئامادەیە، تەنیا چاوەڕێی دابینکردنی هەندێک پێداویستیی تەکنیکین بۆ ئەوەی دەست بە کۆکردنەوەی سەگەکان بکەین".

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری ئاماژەی بەوە دا، چارەسەرەکە کوشتنی سەگەکان نییە، بەڵکوو نەزۆککردنیانە بۆ ئەوەی رێگری لە زۆربوونی ژمارەیان بگیرێت.

بەپێی پێشبینییەکان، لە ئێستادا نزیکەی 25 هەزار سەگی بێلانە لە پارێزگای دهۆک هەن و بەهۆی زاوزێی سروشتییەوە ژمارەیان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات.