وەزارەتی ناوخۆ: چاوپۆشی لە زێدەڕۆیی ناکرێت و یاسای ژینگە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت
بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی پارێزگارەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ توندکردنی رێکارەکانی پاراستنی ژینگەی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە، رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی تایبەت بە پرسی ژینگە و رێگری لە زێدەڕۆیی دەدات و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ رێکارەکان دەکات و وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەمووان وەک یەک تیم کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2009 بۆ پاراستنی ژینگە.
هەروەها باس لە پرسی زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و موڵکی گشتی کراوە و وەزیری ناوخۆ ستایشی هەوڵەکانی پارێزگای هەولێری کرد لە رێگریکردن لە زێدەڕۆیی و بڕیار درا ئەزموونی "لێژنەی تایبەتمەندی هەولێر" بگوازرێتەوە بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەجۆرێک کە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک نەکرێت و ڕێکاری یاسایی توند بەرانبەر سەرپێچیکاران بگیرێتە بەر.
باس لەوەشکراوە، ستایشی "پڕۆژەی ڕووناکی" کراوە کە بووەتە هۆی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، ئەمەش وای کردووە هەزاران مۆلیدە بکوژێنەوە کە سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی بوون.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، لەکۆبوونەوەکە پێشنیار کراوە کە کار لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک بکرێت و هانی کارگە و کۆمپانیاکان بدرێت عەلاگەی کاغەز و قوماش لەجیاتی پلاستیک بەکاربهێنن. هەروەها داوا لە کەرتی تایبەت کرا سەرمایەگوزاری لە بواری دووبارە بەکارهێنانەوەی (Recycling) پلاستیک و شووشەدا بکەن.