تەندروستی عێراق: زیاتر لە هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسی بەهۆی خۆڵبارینەوە تۆماركراون
تەندروستیی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر لە هەزار و 100 حاڵەتی تەنگەنەفەسی بەهۆی خۆڵبارینەوە تۆماركراون.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، به‌هۆی ئه‌و شەپۆله خۆڵبارینه‌ی وڵاتی گرتووه‌ته‌وه، هەزار و 133 حاڵەتی تەنگەنەفەسی لە چەند پارێزگایەک تۆمارکراون.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵییه هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمارنه‌كراوه و بارودۆخی تەندروستیی تووشبووانیش لە نێوان "سوك و مامناوەند"دابووە و زۆربه‌یان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پارێزگای موسەنا بە 576 حاڵەت لە پلەی یەکەمدایە، بەدوای ئەویشدا نەجەف بە 300 حاڵەت له پله‌ی دووه‌مه و بەغدا بە تۆماركردنی 200 حاڵەتی تەنگەنەفەسی له پله‌ی سێیه‌مدایه.
وەزارەتی تەندروستی دووپاتیشی کردەوە، سەرجەم نەخۆشەکان خزمەتگوزاریی پزیشکیی تەواو و چاودێریی پێویستیان بۆ دابینکراوە.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له‌ئێواره‌ی دوێنێوه نزمەپاڵەپەستۆیه‌ك رووی له عێراق كردووه له‌گه‌ڵیدا شه‌پۆلێكی چڕی خۆڵبارین له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باشوور و ناوه‌ڕاستی ئه‌و وڵاته هه‌لیكردووه.