چین.. لە تەقینەوەیەکدا زیاتر لە 80 کەس بوونە قوربانی
بەهۆی تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی دروستکردنی یارییە ئاگرییەکان لە هەرێمی هونانی چین، 26 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
سێشەممە 5ی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی شینخوای چین بڵاویکردووەتەوە، کە شەوی رابردوو، لە شارۆچکەی لیویانگی سەر بە شاری چانگشای هەرێمی هونان تەقینەوەکە روویداوە، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان تا ئێستا 26 گیانلەدەستدان و 61 بریندار تومارکراوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری لە پرۆسەی گەڕان بە دوای ژمارەیەک کرێکاری بێسەروشوێن بەردەوامە.
هەر لە بارەی تەقینەوەکەوە، شی جین پینگ سەرۆکی چین فەرمانی داوە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە بکرێت و بەرپرسیارانی رووداوەکەش رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، لە پێویستە رێکار خۆپارێزییەکان و سەلامەتی لە شوێنەکانی کار تۆکمەتر بکرێن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چاودێری و کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکان لە سێکتەرەکانی پیشەسازی چڕتر بکەنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی شینخوا، نزیکەی 500 تیمی فریاگوزاری رەوانەی شوێنی تەقینەوەکە کراون و دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری کارگەکەش بەهۆی مەترسییەوە راگوێزراون و چۆڵکراون.
هەر لە بارەی تەقینەوەکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمی چین بڵاویکردووەتەوە، کارگەکە لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنانی یارییە ئاگرینەکانی هواشنگەوە بەڕێوەدەبرێت، کە یەکێکە لە گەورە کۆمپانیاکانی دروستکەری یارییە ئاگرینەکانە.
چن بۆژانگ، سەرۆکی شارەوانی چانگشا رایگەیاندووە، گەڕان و ڕزگارکردن لە شوێنی رووداوەکە تاڕادەیەکی زۆر تەواو بووە، بەڵام هێشتا و ردبینیکردن لە قوربانییەکان و ناسنامەی قوربانییەکان بەردەوامە.