پەکەکە ناوی خۆی گۆڕی و چاوەڕێی هەنگاوی یاسایی حکوومەتی تورکیایە
لەیەکەم ساڵیادی کۆنگرەیدا؛ پەکەکە بزووتنەوەیەکی نوێی راگەیاند و جەخت دەکاتەوە، ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە و ئێستا نۆرەی دەوڵەتی تورکیایە هەنگاوی یاسایی بنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 05ـی ئایاری 2026، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاستی باڵای سەرکردایەتی، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە؛ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ساز کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرکردایەتیی پەکەکە بزووتنەوەیەکی نوێی بەناوی "بەرێوەبەرایەتیی بزوتنەوەی ئاپۆیی" راگەیاند.
بزووتنەوەکە، هەڵسەنگاندنی بۆ ساڵێکی تێپەڕبوو بەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد و رایگەیاند، ئەوان بە تەواوی پابەندی بانگەوازە مێژووییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراویان بوون، بۆ دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.
سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە جەختی کردەوە، هەنگاوی گەورەیان وەک کشانەوەی هێزەکان لە ناوخۆی تورکیا، سووتاندنی چەکەکان و ئازادکردنی دیلەکانی دەزگای هەواڵگیریی "میت" ناوە، بەڵام بەرپرسانی ئەنقەرە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی پەرلەمان و ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی نەناوە.
بزووتنەوەی ئاپۆیی جەختی کردەوە، بۆ سەرکەوتنی ئەم وەرچەرخانە سیاسییە، پێویستە حکوومەتی تورکیا، ئۆجەلان وەک سەرۆک دانوستانکار و لایەنی فەرمی بناسێت و پێگەیەکی یاسایی و بارودۆخێکی ئازادی بۆ بڕەخسێنێت، چونکە بەبێ دیاریکردنی دۆخی کارکردنی رێبەرایەتی و دەرکردنی یاسای پێویست بۆ دیموکراسی؛ پرۆسەکە ناگاتە ئەنجامی کۆتایی و تەنها بە دیدارە ناوبەناوەکان کێشەی 100 ساڵەی کورد چارەسەر نابێت.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.
رۆژی 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا پەکەکە لە 12هەمین کۆنگرەی خۆیدا لە نێوان 5 بۆ 4ی ئایاری 2025، بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی خۆی دا.
سەرەڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری چەکدانانی داوە، بەڵام دەم پارتی و لایەنە کوردییەکان رەخنە لە خاوی حکوومەت دەگرن لە جێبەجێکردنی هەنگاوە یاساییەکان. داواکارییە سەرەکییەکانی دەم پارتی بریتین لە کۆتاییهێنان بە سەپاندنی قەییووم بەسەر شارەوانییەکاندا، ئازادکردنی زیندانییە رامیارییەکان، هەروەها دیاریکردنی پێگەیەکی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو ژیانی مەدەنی.