وەزارەتی کارەبا: سیستەمی رووناکی سەرپێچییەکان دیاری دەکات و سزای توندیان لەسەرە
وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی "رووناکی" دەکات و رایدەگەیەنێت، پڕۆژەکە دادپەروەری لە پێدانی کارەبا دابین دەکات و زیاتر لە 5 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی تا ئێستا لێی سوودمەندن.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئایاری 2026، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، بە ئامادەبوونی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبا و تیمی پڕۆژەی رووناکی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبای کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا قۆناخەکانی پڕۆژەی "رووناکی" و هەڵسەنگاندنی پڕۆژەکە و پلانی داهاتوو کرا.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی کارەبا، کە لەگەڵ فراوانبوونی پڕۆژەی رووناکی و پێداویستییەکانی هاوبەشانی کارەبا و هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا بگونجێت. وەزیری کارەبا دەستخۆشی لە تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی و کرێکاران و تیمە پەیوەنددارەکانی وەزارەت بە پڕۆژەکەوە کرد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دەستنیشانکردنی کێشەکان و گلەییی هاوبەشان و پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی باس کران. هەروەها جەختیش کرایەوە لەم رووەوە هەموو هەوڵێک دەدرێت بە خێرایی ئەو گلەیی و پێشنیازانە کاری جددیان لەسەر بکرێت، هاوکات داوا لە هاوبەشانی کارەبا دەکرێت خۆیان لە سەرپێچییەکان و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی بەدوور بگرن، دواجار سیستەمەکە هەموو ئەو سەرپێچییانە دیاری دەکات و سزای توندیان لەسەرە.
پڕۆژەی "رووناکی"؛ وەرچەرخانێکی گەورەیە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، کەمکردنەوەی بارزۆری، پاککردنەوەی ژینگە، پاراستنی ژێرخانی کارەبا و دادپەروەری لە پێدانی کارەبا، کە تا ئێستا نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی لێی سوودمەندن.