تەندروستی چەمچەماڵ: حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک زیادیان کردووە و دەرزی گەزازیش نەماوە
بەهۆی بەردەوامی گەشت و سەیرانی هاووڵاتییان لە وەرزی بەهاردا، ئامارەکانی پێوەدانی دووپشک و مار لە سنووری چەمچەماڵ و کۆیە زیادیان کردووە؛ هاوکات بەرپرسانی تەندروستی چەمچەماڵیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە بەهۆی دابیننەکردنی لەلایەن بەغداوە، تووشی گرفتی کەمیی "دەرزی گەزاز" بوونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، شەریف رەحیم، جێگری بەرێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بەهارێکی خۆش هەبووە و تا ئێستاش خەڵک بەردەوام رۆژانی پشوو دەچێتە دەرەوە، دووپشک و ماریش زۆربووە بەتایبەتی دووپشک، بۆیە تەنیا لە مانگی نیسان 10حاڵەتی پێوەدانی دووپشک تۆمارکراوە.
دەربارەی چارەسەرکردنیان ئاماژەی بەوەدا، لە نەخۆشخانەی گشتیی چەمچەماڵ هەبوو رێکارێکی پێویست بۆ نەخۆشان دەگیرێتەبەر ئەگەر حاڵەتێکی زۆر تایبەت هەبوو رەوانەی سلێمانی دەکرێت.
لە وەڵامی پرسیاری دەگوترێت دەرزی گەزاز لە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ نەماوە، شەریف رەحیم پشتڕاستیکردەوە و رایگەیاند، ئەو دەرزیە لە بەغداوە دێت بۆیە هەندێک جار تووشی ئەم گرفتە دەبین، دەرزیەکە بۆ بڕینی ئاسن و بزمار یان برینی قووڵ و ژەنگاوی بەکاردێت.
لە چەند رۆژی رابردوو چەند هاووڵاتییەکی چەمچەماڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویانکردەوە، نەبوونی دەرزی گزاز لە چەمچەماڵ مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سنوورەکە دروستدەکات بەتایبەتی لە وەرزی بەهار و هاویندا.
هەر دەربارەی پێوەدانی دووپشک و مار، تەندروستی کۆیە بڵاویکردەوە، تەنیا لە رۆژی هەینیدا کە خەڵکێکی زۆر چووەتە گەشت و سەیران،14 حاڵەتی پێوەدان و گەستن تۆمارکراون.