ئیمارات: بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران دەدەینەوە

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، هۆکاری ئەو دەنگە بەهێزانەی کە لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای وڵاتەکە دەبیسترێن، ئاشکرا کرد و گوتی: هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکاندنی ئەو مووشەکە بالیستی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکەمان کراون.

سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە؛ ئێستا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە سەرقاڵی مامەڵەکردن و بەرپەرچدانەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو دەنگە بەهێزانەی لە ناوچە جیاجیاکانی ئیمارات دەبیسترێن، دەرئەنجامی راستەوخۆی کارابوونی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەن لە کاتی رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی ئەو مووشەکە بالیستی، کرووز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ئاراستەی وڵاتەکەمان کراون."

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەی کە هێزە چەکدارەکان توانای تەواویان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر سەروەریی خاکی وڵاتەکەیان، داواش دەکات هاووڵاتییان پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروست.