جیرۆزالیم پۆست: رێککەوتنی ترەمپ-ناتانیاهۆ کۆتایی بە سەردەمی سایکس پیکۆ دەهێنێت
رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکی شیکاریدا رایدەگەیەنێت، رێکخستنێکی نوێی هەرێمی لە ژێر ناوی "رێککەوتنی ترەمپ-ناتانیاهۆ" خەریکە جێگەی رێککەوتننامە کۆنەکەی سایکس پیکۆ دەگرێتەوە، کە نەخشەی ناوچەکەی لەسەر بنەمای ئاسایش و واقیعی نوێی سەربازی دووبارە دادەڕێژێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "جیرۆزالیم پۆست"، سەردەمی رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ (1916) کە ناوچەکەی لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسادا دابەش کردبوو، بە فەرمی کۆتایی هاتووە. رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو دابەشکارییە کۆنە هەرگیز بۆ ئاشتی نەبووە، بەڵکو ببووە سەرچاوەی ململانێکان، بەڵام ئێستا زەمینە بۆ رێکخستنێکی نوێ لە ژێر ناوی "رێککەوتنی ترەمپ-ناتانیاهۆ" فەراهەم بووە.
ئەم رێککەوتنە نوێیەی کە تاران و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە وەک هەڕەشەی سەرەکی دەبینێت، لەسەر چوار کۆڵەکەی سەرەکی بنیات دەنرێت، ئەوانیش:
1. ئاسایش: زامنکردنی مانەوەی ئیسرائیل وەک هێزی باڵا.
2. جوگرافیا: کێشانەوەی سنوورەکان بەپێی پێویستییە ئەمنییەکان.
3. مێژوو: گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ریشەی مێژوویی دەوڵەتی جوو لە خاکەکەدا.
4. دادپەروەری: راستکردنەوەی ئەو هەڵە مێژووییانەی دیپلۆماتکارانی ئەوروپا پێش سەدەیەک ئەنجامیان دابوو.
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 گۆڕانکارییەکی گەورەیان خولقاند. ئیسرائیل توانیویەتی زۆربەی سەرکردەکانی حەماس لەنێو ببات، حزبوڵڵا بۆ باکووری رووباری لیتانی پاشەکشە پێ بکات و گورزی کوشندەش لە ژێرخانی ئەتۆمی و سەربازیی ئێران بوەشێنێت. ئەم سەرکەوتنە سەربازییانە بوونەتە بنەمای بنیاتنانی واقیعێکی نوێی ستراتیژی.
بەپێی ئەو واقیعییە نوێیەی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە باسی دەکات، نەخشەی ناوچەکە بەم شێوەیەی لێ دێت:
باکوور: رووباری لیتانی دەبێتە سنووری ئەمنیی ئیسرائیل بۆ رێگری لە هەڕەشەکانی حزبوڵڵا.
رۆژهەڵات: دۆڵی ئوردن وەک سنووری فەرمیی رۆژهەڵاتی ئیسرائیل جێگیر دەکرێت.
باشوور: کەرتی غەززە بە تەواوی لە چەک دادەماڵرێت و لە ژێر سەرپەرشتییەکی نوێدا دەبێت.
پەیوەندییە هەرێمییەکان: پڕۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سعوودیە لە چوارچێوەی "رێککەوتنی ئیبراهیم"دا دەبێتە بەشێکی جێگیر و فەرمیی ئەم نەزمە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر سایکس پیکۆ میراتی ئیمپراتۆریەتە کۆنەکان بووبێت، ئەوا "رێککەوتنی ترەمپ-ناتانیاهۆ" لەلایەن زلهێزێکی نوێی جیهانی (ئەمریکا) و هاوبەشە راستەقینەکانی ناوچەکەوە دەنووسرێتەوە، کە ئامانجیان گۆڕینی واقیعی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ سەدەی داهاتوو.