تەرمی یەکێک لە بێسەروشوێنبووەکانی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران، دوای چوار رۆژ لە گەڕان و بەدواداچوونی بەردەوام، توانییان تەرمی یەکێک لەو سێ کەسە بدۆزنەوە کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلێک لە گەلی عەلی بەگدا بێسەروشوێن ببوون. پرۆسەی گەڕانیش بۆ دۆزینەوەی دوو قوربانییەکەی دیکە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بەردەوامە.

سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24، لە شوێنی رووداوەکە گوتی: هەر ئێستا تەرمی یەکێک لە قوربانییەکانی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ، لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆرانەوە دۆزرایەوە." 

ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە درێژایی چوار رۆژی رابردوو، پرۆسەیەکی چڕی گەڕانیان دەست پێکردووە و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ئامێر و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویان بەکار هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لە کەسوکاری خێزانە قوربانییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو تەرمەی کە ئەمڕۆ دۆزراوەتەوە (لاوەند خورشید)ـی تەمەنی حەفت ساڵانە.

بە پێی زانیارییەکانی تەیفور محەمەد ، تا ئێستا تەرمی هەریەک لە (ئادەم خورشید)ی تەمەن 3 ساڵان و (مینا عیسا)ی تەمەن 17 ساڵان نەدۆزراونەتەوە و پرۆسەی گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی کاتژمێر 9:40 خولەکی شەوی هەینی 1ـی ئایاری 2026، ئۆتۆمبێلێک کە پێنج سەرنشینی تێدابوو و سەرجەمیان دانیشتووی ناحیەی خەلیفان بوون، کۆنتڕۆڵی لەدەست دا و کەوتە نێو رووباری گەلی عەلی بەگ.

سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە پێکهاتبوون لە؛ پیاوێک بە ناوی (ئوسامە موتەڵیب)، پوری ئوسامە، لەگەڵ سێ کەسی دیکە کە دوو منداڵ و کچێکی هەرزەکارن.

هەر ئەو کات رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، رایگەیاندبوو: "لە ساتی کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلەکە، ئوسامە و پوری ئوسامە رزگاریان بووە، بەڵام  سێ کەسەکەی دیکە لەنێو ئاوەکەدا بێسەروشوێنبوونە.