مەخموور.. گرفتەکانی خەڵک و کاسبکاران لە بازگەکان چارەسەر کران
بەرپرسی لقی 23ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر گرفتی زۆر بۆ خەڵکی مەخموور، بەتایبەت پیشەوەران و کاسبکاران لە دەروازە و بازگەی مەخموور دروست دەکران، ئێستا ئەو کێشانە بەتەواوی چارەسەر کراون و بنبڕ بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی 23ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، ئاماژەی بەوە کرد، وەک ئەرکی خۆیان دەنگی خەڵکیان گەیاندووەتە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەویش لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی راسپاردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لەسەر هێڵ بێت بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتانە.
بەرپرسی لقی 23ـی پارتی رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ پیشەوەران و خەڵکی مەخموور کۆببنەوە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لەو رێنماییە و ئالیەتە نوێیەی کە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە هەولێرەوە بۆ مەخموور و بەپێچەوانەشەوە رێکخراوە.
ئەو ئالیەتە نوێیە لایەنی ئیداری و ئەمنییە، لە رێگەی قایمقامیەتی مەخموور و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە جێبەجێ دەکرێت. بەگوێرەی رێکارەکان، ئەو کاسبکارانەی رۆژانە کەلوپەل بۆ ناو شارۆچکەکە دەگوازنەوە، پێویستە ناوەکانیان لای پۆلیسی مەخموور تۆمار بکەن، دواتر ناوەکانیان بۆ بازگەکان دەنێردرێت تاوەکو چیتر گرفتیان بۆ دروست نەکرێت و بتوانن بە ئازادی پێداویستییەکانیان دابین بکەن.