وێنەی مانگە دەستکردەکان قەبارەی راستەقینەی زیانەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکەن
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە، کە قەبارەی زیانەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە زۆر لەوە گەورەترە کە پێشتر راگەیەندراوە، بە جۆرێک نزیکەی 228 دامەزراوە و ئامانجی سەربازی خاپوور کراون.
چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە 28ـی شوباتی رابردوو تا ئێستا، لانی کەم 228 دامەزراوە و کەلوپەلی سەربازیی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێران بوونە.
بە گوێرەی شیکارییەکانی رۆژنامەکە بۆ وێنەی مانگە دەستکردەکان، زیانەکان پێکهاتوون لە؛ خاپووربوونی شوێنی مانەوەی فڕۆکەکان، سەربازگەکان، کۆگاکانی سووتەمەنی، فڕۆکە، ئامێرەکانی رادار و پەیوەندییەکان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی. ئەم قەبارەیەی وێرانکارییش زۆر لەوە گەورەترە کە حکوومەتی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو.
بە پێی هەواڵەی رۆژنامەکە، "بەهۆی مەترسییەکانی ئێرانەوە، سەرکردایەتیی ناوەندیی ئەمریکا ناچار بوو لە سەرەتای جەنگەکەدا زۆربەی بنکەکانی لە بنکە سەربازییەکانی ناوچەکە چۆڵ بکات، هەروەها سوپای ئەمریکا کوژرانی حەفت سەربازی لە هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانیدا راگەیاندووە (شەش سەرباز لە کوەیت و یەکێکیش لە سعوودیە)، هەروەها تا کۆتایی مانگی نیسان، زیاتر لە 400 سەرباز بریندار بوون کە برینی 12 کەسیان سەختە."
لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی ئێران وێنەی کوالێتی بەرزیان بڵاو کردووەتەوە کە بەڵگەن بۆ قەبارەی زیانەکان، بەڵام رۆژنامەی واشنتن پۆست پشتڕاستی دروستیی 109 وێنەی ئێرانیی کردووەتەوە لە رێگەی بەراوردکردنیان لەگەڵ وێنەکانی سیستەمی "کۆپەرنیکۆس"ـی ئەوروپی و وێنەکانی "پلانێت"، هەروەها 19 وێنەی لابردووە کە یەکلاکەرەوە نەبوون، هیچ بەڵگەیەکیشی نەدۆزیوەتەوە کە دەستکاریی وێنەکان کرابێت.
هاوکات رۆژنامەکە، 10 دامەزراوەی زیانپێکەوتووی دیکەی لە وێنەکانی کۆمپانیای "پلانێت"دا بە دی کردووە کە لە وێنە ئێرانییەکاندا دەرنەکەوتبوون، بەمەش کۆی گشتیی زیانەکان گەیشتووەتە 217 دامەزراوە و 11 ئامێری سەربازی لە 15 پێگەی سەربازیی جیاوازدا.
لەم بارەیەوە ژمارەیەک لە شارەزایانی سەربازی، بۆ رۆژنامەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە هێرشەکانی ئێران زۆر ورد بوون و بە ئەنقەست شوێنی مانەوەی سەربازەکانیان کردووەتە ئامانج بە مەبەستی گەیاندنی زۆرترین قوربانی.
ئەوان ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە سوپای ئەمریکا تواناکانی ئێرانی بۆ پێکان بە کەم سەیر کردووە، شکستی هێناوە لە خۆگونجاندن لەگەڵ جەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا و، بەشێک لە بنکەکانی بەبێ پارێزگارییەکی پێویست هێشتووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە روو، زیانەکان کەلوپەلی زۆر هەستیاریان گرتووەتەوە، وەک رادارەکانی "پاتریۆت" و "تاد" (THAAD)، فڕۆکەکانی "ئی-3 سێنتری"، وێستگەکانی پەیوەندیکردن لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، وێستگەکانی کارەبا، عەمبارەکانی سووتەمەنی، هەروەها ئامانجە "ئاسانەکان"ی وەک هۆڵە وەرزشییەکان و هۆڵی نانخواردن.
"واشنتن پۆست، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەشێکی زۆری زیانەکانیش لە بارەگای سەرەکیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین و لە سێ بنکەی سەربازی لە کوەیت بوون.
شارەزایان پێیان وایە کە بنکەکانی بەحرەین و کوەیت زیانی زیاتریان بەرکەوتووە چونکە رێگەیان بە سوپای ئەمریکا داوە لە خاکی ئەوانەوە هێرش بکات، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکەی کەنداو ئەوەیان رەتک ردووەتەوە.
شیکەرەوەکان پێیان وایە هێزەکانی ئێران نەرمی و توانایەکیان نیشان داوە کە لە دەرەوەی پێشبینییەکانی ئەمریکادا بووە و، پلانەکانی واشنتن توانای هەواڵگریی ئێرانیان بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانە جێگیرەکانی ئەمریکا بە کەم سەیر کردبوو. هەروەها یەدەگی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆرێک سوپای ئەمریکا لە کاتی جەنگەکەدا نزیکەی 53%ـی مووشەکەکانی "تاد" و 43%ـی مووشەکەکانی "پاتریۆت"ـی بەکارهێناوە.
لە راپۆرتی رۆژنامەکە ئاماژە بەوە کراوە، لە دەرئەنجامی هەموو ئەمانەدا، پلاندانەرانی سەربازیی ئەمریکا بیر لە بژاردەی قورس دەکەنەوە؛ یان کشانەوەی هێزەکانیان بۆ پێگەی سەلامەتتر کە ئەمەش توانای جەنگییان کەم دەکاتەوە، یان هێشتنەوەی بنکەکان وەکوو خۆیان و قبووڵکردنی قوربانیی زیاتر.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی 2026، دوای ئەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران شکستیان هێنا، جەنگێکی گەورە لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵگیرسا.
دوای نزیکەی دوو مانگ لە ململانێ و بۆردومانی سەربازی، لە رۆژی 8ی نیسانی 2026، بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان، هەردوو لا گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی 14 رۆژ.