دانا تەقیەدین: ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی لاهوور شێخ جەنگی کراون مۆرکێکی سیاسییان هەیە نەک یاسایی
دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی لاهوور شێخ جەنگی کراون زیاتر مۆرکێکی سیاسییان هەیە نەک یاسایی، ئاشکراشی دەکات کە داوایان کردووە دۆسیەی "لالەزار" بۆ دادگای هەولێر بگوازرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە نووسراویان هێناوە بۆ ئەوەی وردبینی بکرێت کە لاهوور شێخ جەنگی لە کام دادگا دادگایی بکرێت.
دانا تەقیەدین گوتیشی "دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهوور شێخ جەنگی، یەکێکیان بەگوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە بەگوێرەی ماددەی 406."
دانا تەقیەدین جەختی کردەوە کە "مۆرکی یاسایی لەم کەیسەدا زۆر لاوازە، بەڵام مۆرکێکی سیاسی بەهێزی هەیە." چونکە دەبوو پۆلیس بچێتە سەریان بۆ دەستگیرکردن، بەڵام هێزی حزبی و کۆماندۆ و ئاسایش بەکارهێنراون، هەروەها مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە ئاسایش بۆ ماوەیەکی زۆر بە نایاسایی وەسف کرد.
ئەو پارێزەرە هۆکاری داواکارییەکەیانی بۆ گواستنەوەی دۆسیەی لالەزار بۆ هەولێر ڕوون کردەوە باسی لەوە کرد "لەو دۆسیەیەدا هێرشبەرەکە خۆی سکاڵاکارە، بۆیە دەمانەوێت دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر. "ئێمە دەمانەوێت یاسا سەروەر بێت و دەبێت سکاڵاکار ئامادەی دادگا بێت تاوەکو ئێمە وەک تیمی پارێزەران پرسیاری لێ بکەین."
سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوەکان، دانا تەقیەدین گوتی "لە 22ـی ئابەوە نزیکەی 200 کەس دەستگیرکرابوون، ئێستا 21 کەس لەسەر دۆسیەی لالەزار ماونەتەوە." هەروەها ڕەخنەی لە ڕێکارەکانی ئاسایش گرت و وتی: "نزیکەی 10ڕۆژە نەمتوانیوە دەستگیرکراوان ببینین، چونکە ئاسایش بە بیانووی جیاجیا ڕێگری دەکات."
لە پرسیاری کۆتایی ژینۆ محەممەدا دەربارەی تەندروستی لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەی پارێزەرانی تیمەکەی دانا تەقیەین رایگەیاند: تیمێکە لە 12 کەس پێکهاتووە و دڵنیایی دا کە باری تەندروستی لاهوور شێخ جەنگی باشە.