گۆڤارێکی ئەمریکی هۆشداری دەداتە ترەمپ لە نزیکبوونەوە لە سنوورەکانی رووسیا

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

گۆڤاری "ڕیسپۆنسیبڵ ستەیتکرافت"ی ئەمریکی هۆشداریی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و داوای لێدەکات نەکەوێتە ژێر کاریگەری فشاری ئەندامانی ناو ئەنجوومەنی پیران بۆ گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپاوە بۆ ناوچە نزیکەکانی سنووری رووسیا.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس بانگەشەی ئەوە دەکەن لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکان لە ئەڵمانیا، پێویستە بەرەو رۆژهەڵات و نزیک سنوورەکانی رووسیا بگوازرێنەوە.

گۆڤارەکە دەڵێت: "پێویستە ترەمپ ئەم ئامۆژگارییانە پشتگوێ بخات، چونکە دژی ئامانجەکانی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکایە."، هەروەها راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، ناردنی گرووپە جەنگییەکان لە ئەڵمانیاوە بۆ پۆڵەندا یان رۆمانیا بڕیارێکی "زۆر خراپ" دەبێت. ئەم هەنگاوە نەک تەنیا تێوەگلانی واشنتن لە کاروباری ئەمنیی ئەوروپا قووڵتر دەکات، بەڵکو مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیاش زیاد دەکات، یەکێکی دیکە لە مەترسییەکان ئەوەیە کە ئەم کارە فشاری ئەمریکا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی کەمدەکاتەوە بۆ ئەوەی خەرجییە بەرگرییەکانیان زیاد بکەن و سوپاکانیان پڕچەک بکەنەوە، بەمەش بەرپرسیارێتی بەرگری لە کیشوەرەکە تەنیا لەسەر شانی ئەمریکا دەمێنێتەوە.

هەروەها ترەمپ پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو، دەیەوێت بوونی سەربازی ئەمریکا لە ئەوروپا کەم بکاتەوە. لەم بارەیەوە، شۆن بارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن، بڕیاری کشانەوەی نزیکەی 5 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا لە ماوەی 6 بۆ 12 مانگی داهاتوودا پشتڕاست کردەوە و پێشبینی دەکرێت پرۆسەی کشانەوەکە تەنیا ئەڵمانیا نەگرێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە پێداچوونەوەی گشتگیر بە بوونی سەربازی ئەمریکا لە ئەوروپا، هێزەکان لە ئیتاڵیا و ئیسپانیاش بکشێنرێنەوە، کە ئەمەش بە وتەی گۆڤارەکە "لە بەرژەوەندی هەموواندا دەبێت."