عەممار نەجمەدین چیرۆکە تراژیدییەکانی ناو زیندانی نوگرەسەلمان دەگێڕێتەوە
عەممار نەجمەدین، راگەیاندکار و بێژەری هەواڵ لە کەناڵی کوردستان24، پەردەی لەسەر چەندین چیرۆکی تراژیدی و دڕندانەی ناو زیندانی نوگرەسەلمان لادا، کە خۆی و خێزانەکەی لە سەردەمی پڕۆسەی ئەنفالی ساڵی 1988دا تێیدا بێبەش بوون لە سادەترین مافەکانی مرۆڤ.
عەممار نەجمەدین ئاماژەی بەوە کرد، دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، لە تەمەنی 11 ساڵیدا لەگەڵ دایکی و خوشک و براکانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و زیندانی نوگرەسەلمان کراون، ئەو دەڵێت: "تا ئێستاش یادەوەرییەکانی ئەوێ ئازارمان دەدەن، باوکم پێش بردنی ئێمە بێسەروشوێن کرا و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە."
عەممار باسی لە شەهیدکردنی پیاوێکی بەتەمەن کرد بە ناوی "مامە ئەڵڵاکەرەم" کە تەنیا لەبەر ئەوەی تفێکی کردووەتە رووی عەجاج، لەبەر چاوی کوڕەکەی و سەدان زیندانی دیکە لێیدرا تا گیانی لەدەستدا، دواتر تەرمەکەی دراوەتە بەر سەگە برسییەکان.
باسی لە دۆخی نالەباری ژیانی ناو زیندانەکە کرد و گوتی: ئاوی سوێریان دەداینێ و رۆژانە تەنیا دوو سەموونمان هەبوو، زۆرێک لە منداڵان و بەساڵاچووان بەهۆی نەخۆشی کۆلێرا و برسیێتی گیانیان لەدەست دەدا." هەروەها گوتیشی: "یەکێک لە دیمەنە هەرە ترسناکەکان سەگە رەشەکان بوون، کە راهێنرابوون تەرمی ئەو کوردانە بخۆن کە لەژێر ئەشکەنجەدا دەمردن.
عەممار نەجمەدین جەختیکردەوە، گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە ئەرکێکی مێژوویی و یاساییە، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت چ تاوانێکی گەورە بەرامبەر بە گەلی کورد لەو بیابانانەدا ئەنجام دراوە و رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی جۆرە تاوانانە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، "بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بدات." ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆمەتبار عەجاج پێشتر لە قۆناخەکانی لێکۆڵینەوەدا دانی بە بەشێک لە تاوانەکانیدا ناوە کە دەرهەق بە ئەنفالکراوان لە زیندانی نوگرەسەلمان ئەنجامی داون.
ئەو تۆمەتبارە کە لە 30ـی تەممووزی ساڵی رابردوو دەستگیرکرا، چەند جارێک بۆ گوتە لێوەرگرتن هێنراوەتە دادگای رەسافە، بەڵام ئەمڕۆ رۆژی یەکلاکەرەوەیە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی نزیکەی 221 کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ناوچەکانی گەرمیان، خورماتوو، سلێمانی و هەولێر ئامادەبوون. ئەوان دوای دەیان ساڵ لە چاوەڕوانی، ئێستا لە نزیکەوە شاهیدی دادگاییکردنی ئەو جەلادەن کە رۆژانێک بە بێبەزەییانەترین شێوە ئازاری ئازیزانیانی داوە.
عەجاج فەرماندەیەکی سەربازی بووە لە زیندانی نوگرەسەلمان و ناوێکی ترسناک بووە بۆ زیندانییە کوردەکان. ئەو بەوە ناسراوە کە شێوازی قێزەونی بۆ ئەشکەنجەدان بەکارهێناوە، لەوانە هێشتنەوەی زیندانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی گەرمای بەهێزی بیابانەکانی سەماوە، کە وەک عەممار نەجمەدین دەڵێت: "تیشکی خۆر پێستی جەستەیانی لێ دەکردەوە."