موقتەدا سەدر هەڕەشەی مانگرتن لە خواردن دەکات

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، هۆشدارییەکی توند دەداتە بەرپرسانی باڵی سەربازیی رەوتەکەی سەرایا سەلام و رایدەگەیەنێت، ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا دۆخی بژێوی و خواردنی چەکدارەکانیان باشتر نەکرێت، ئەو وەک هاوسۆزییەک بۆ چەکدارەکانیان و خێزانەکانیان مان لە خواردن دەگرێت.

بەپێی نووسراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بڵاوکراوەتەوە، موقتەدا سەدر، فەرمانی داوە بە بانگهێشتکردنی بەرپرسی بژێوی و دابەشکارانی خۆراک بۆ لێکۆڵینەوە، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر سوکایەتیکردن بە قوتی چەکدارەکان، خراپی ئیدارەدان و کێشەی پۆشاکی سەربازیی چەکدارەکان بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانیدا، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە فەرمانی داوە هێڵێکی راستەوخۆ تەنیا بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانی پەیوەست بەم بابەتە بکرێتەوە، هەروەها وەک جۆرێک لە قەرەبووکردنەوە و داوای لێبوردن بەرامبەر ئەو کەمتەرخەمییانە، بڕیاری داوە لەسەر ئەرکی خۆی بڕێکی زۆر خۆراکی وشک بکڕدرێت و لە ماوەی سێ رۆژدا بگەیەنرێتە دەست چەکدارەکان.

سەدر هەریەکە لە ئەلعەبوودی و تەحسین ئەلحەمیداوی راسپاردووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمێکی تایبەت بچنە شاری سامەڕا بە مەبەستی پاککردنەوە و رێکخستنەوەی کۆگاکانی خۆراک و بارەگاکان، هاوکات هۆشدارییەکی ئەخلاقی داوەتە سەرکردەکانی ئەو هێزە و رایگەیاندووە، ئەگەر دەرکەوت خواردنی سەرکردەکان لە خواردنی چەکدارە ئاساییەکان باشترە، ئەوا دەبێت ئەو سەرکردانە وەک پابەندییەکی ئەخلاقی تاوەکو رۆژی کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) بە ڕۆژوو بن.

سەرایا سەلام باڵی سەربازیی رەوتی سەدری پێشووە کە لە حوزەیرانی 2014دا، دوای هەڕەشەکانی داعش بۆ پاراستنی مەزارگە ئایینییەکان و بەرگری لە خاک دامەزرایەوە.