لە کەرکووک حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا
لە پارێزگای کەرکووک حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا و تەندروستی پارێزگاکەش رێکاری توند بەرامبەر سەربڕینی ئاژەڵ دەگرێتەبەر.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، نەخۆشەکە ئافرەتێکی کوردی تەمەن 43 ساڵە و دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای کەرکووکە، ئەو ئافرەتە دوێنێ بە نیشانەکانی نەخۆشییەکەوە سەردانی نەخۆشخانەی ئازادی کردووە و دەستبەجێ خراوەتە ژێر چاودێریی چڕ و کەرەنتینە کراوە، دوای وەرگرتنی نموونەی خوێن و ناردنی بۆ تاقیگەکانی بەغدا، کەمێک پێش ئێستا ئەنجامەکەی گەڕایەوە و دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە و پشکنینەکەی پۆزەتیڤە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستا باری تەندروستی نەخۆشەکە جێگیرە و چارەسەری پێویست وەردەگرێت، سەبارەت بە هۆکاری تووشبوونەکەش، دەرکەوتووە کە ئەو ئافرەتە خاوەنی ئاژەڵ بووە و بەهۆی بەریەککەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵدا تووشی نەخۆشییەکە بووە.
ئەم حاڵەتە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، مامەڵەی هاووڵاتییان و بەریەککەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ زیاد دەکات، هەر بۆیە ئیدارەی کەرکووک بڕیارێکی توندی دەرکردووە کە بەپێی ئەوە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. ئیدارەی پارێزگاکە جەختی کردووەتەوە، هەرکەسێک پابەند نەبێت و سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە.